لە سلێمانی ساختەكردنی مۆری دەزگەكان پەرە دەستێنێت

:: AM:08:54:01/01/2020 ‌

دادگای سلێمانی ددان بەوەدا دەنێت كە ساختەكردنی نووسراو و مۆری داودەزگاكانی حكوومەت ڕووی لە زیادبوون كردووە، بەردەوام ئەو دۆسیانە ڕووبەڕووی دادگا دەبنەوە و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووشدا زیاتر لە پێنج حاڵەتی ساختەكردن هەبووە.

ساختەكردنی مۆری داودەزگاكانی حكوومەت بەپێی یاسا سزایەكی قورسی لەسەرە. بەپێی ئامارێك كە دەستی "وشە" كەوتووە، لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ زیاتر لە 10 مۆری داودەزگاكانی حكوومەت ساختە كراون، دواتر پۆلیسی سلێمانی ئەو باند و كەسانەیان گرتووە. كاری ئەو باندانە ساختەكردنی مۆری دەزگە دیارەكان بووە، لەوانەش هاتوچۆ، فڕۆكەخانە، ڕەگەزنامە، كارتی زانیاری، مۆڵەتی تەندروستی و لەسەر ئاستی هەرێمیش كاریان كردووە.

یەكێك لەو كەسانەی گیراوە، هەستابوو بە ساختەكردنی هەریەك لە پێناسی باری شارستانی و پوولی سەر پێناسەكە. ئەو كەسە بە ڕەگەز عەرەب بووە و كاری ئەوە بووە پێناسی ساختەی بۆ ئەو هاووڵاتییە عەرەبانە دروست بكات كە لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەهاتنە ناوچەكە.
دادگای سلێمانی: سزای ئەوانەی مۆر ساختە دەكەن پێنج بۆ 15 ساڵە

عەمید محەمەد سەعید بەڕێوەبەری ڕەگەزنامەی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوانەی پێناسی باری شارستانی ساختە دەكەن، كەسانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقن و ئەوانەشی وەریدەگرن یان بۆیان دەكەن، ئەوانەن كە لە ئەوروپا دەژین و كاریان پێی هەیە، یان ئەگەر بۆ ناوخۆ بەكار بێت، بۆ ئەو عەرەبانەیە كە لە خواروو و ناوەڕاست دێنە ناوچەكە و لە بازگەكان بەكاری دێنن بۆ ئەوەی گرفتیان بۆ دروست نەبێ.

بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، ئەو چاپخانانەی كە مۆری ساختە دروست دەكەن، هەمووی لە دەرەوەی عێراق و هەرێمی كوردستانن، ئەویش بەشێوەی تەقلیدی دروستی دەكەن و ناتوانن وەك خۆی دەری بكەن، ئەگەر دەریشی بكەن لە واژووەكە ناتوانن، هەروەها كاغەزەكانیش جیاوازیان هەیە.

هەروەها یەكێكی تر لەوانەی هەستابوو بە ساختەكردنی مۆری كوشتارگەی سلێمانی، لەلایەن پۆلیسەوە گیراوە، ئەو كەسە دوای ساختەكردنی مۆرەكە، لە دووكانەكەی خۆیدا مۆرەكەی بەكار هێناوە بۆ ئەو ئاژەڵانەی كە خۆی سەری بڕیون و دواتر گۆشتەكەی خستووەتە بازاڕەوە. دادوەر عومەر ئەحمەد گوتەبێژی دادگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ساختەكردن تاوانە و ئەو كەسەی ئەو كارە دەكات بەچەند مادەیەك سزا دەدرێت كە بریتین لە مادەكانی 285 و 289 و 298 و 295، مۆرەكانیش بۆ ساختەكردنی نووسراوەكان و كاری كڕین و فرۆشتن، بەردەوام لە دادگای سلێمانی ئەو حاڵەتانە بە زۆری هەیە و ڕووی داوە.

ئەو گوتی، چەندان جار باند گیراون كە كاریان ساختەكردنی مۆری داودەزگاكان بووە، سزای ئەو كەسانە گرتنە و لە پێنج ساڵەوە بۆ 15 ساڵ دەگیرێن، لە ڕابردووشدا بە دەیان حاڵەت هەبووە كە كاری ساختەیان كردووە و سزا دراون.

"ئەگەر مۆرە ساختەكە نووسراوەكانی دەزگە حكوومییەكانی پێ ساختە بكرێت، مادەكانی 289 و 298 بەسەردا دەسەپێنرێت، لەو حاڵەتەدا ماوەی 15 ساڵ دەگیرێت و دەچێتە گرتووخانەوە، بەڵام ئەگەر مۆرەكە كاری پێ نەكرابێ و ساختەكەی پێ نەكرابێت، بەپێی مادەی 275 كەسەكە بۆ پێنج ساڵ دەخرێتە گرتووخانەوە". عومەر ئەحمەد وای گوت.

بەپێی ئامارەكانی پۆلیسی سلێمانی، لە ماوەی ئەمساڵدا بە دەیان حاڵەتی ساختەكردنی مۆری داودەزگاكانی حكوومەت هەبووە، چەندان كەس و باند لەسەر ئەو كارانە گیراون كە مۆر و نووسراویان ساختە كردووە و پارەیان پێ وەرگرتووە.

زیادبوونی ئەم حاڵەتانە لە كاتێكدایە پێشتر "وشە" لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، ئەفسەرێكی هاتوچۆی سلێمانی دوای ئەوەی هەستابوو بە ساختەكردنی پسوولەی سزای هاتوچۆی سلێمانی، سزای بۆ شۆفێران كردبوو، هەروەها پارەكەی وەرگرتبوو و نەیگەڕاندبووەوە بۆ هاتوچۆ و بڕەكەشی زیاتر لە ملیۆن دۆلار بوو.

شاخەوان سابیر مامۆستای زانكۆی سلێمانی و سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دۆسیەیەكی گەندەڵی لە زانكۆی سلێمانی ئاشكرا بووە، دەركەوتووە یەكێك لە فەرمانبەرەكانی زانكۆ چەند ساڵە فەرمانبەرە، بەڵام بڕوانامەكەی ساختە بووە.

ئەو فەرمانبەرە بڕوانامەكەی ساختە كردووە و نووسراوی فەرمیی حكوومی كردووە و دواتر وەك فەرمانبەر دامەزراوە لە زانكۆ و چەند ساڵە مووچەی وەرگرتووە، دوای ئاشكرابوونی، لیژنەی لەسەر دروست كراوە و دۆسیەكەشی ڕەوانەی دادگای سلێمانی كراوە.

وشە/ هۆشیار عەلی




وشە - وشه‌