پۆمپیۆ: سەرۆك ترەمپ سەرقاڵی تەواوكردنی پڕۆژەكەیەتی لە عێراق

:: PM:07:42:01/01/2020 ‌

لەناو گەرمەی رووداوەكان لە دەوروبەری باڵوێزگەی ئەمەریكا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە سەرۆك پۆمپیۆ بەردەوامە لە كاركردن لەسەر تەواوكردنی پڕۆژەكەی لە عێراق و ئاماژەی كرد، ئەوەی لەبەردەم باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا رووی دا بەفەرمانی ئێران بووە.
ئەمەریكا پلانەكەی بۆ عێراق ئاشكرا دەكات
پۆمپیۆ لە دیمانەیەكی "فۆكس نیوز"، گوتی، ئەمەریكا گرنگی بەعێراق دەدات و ئێمە چەند شتێكمان دەوێت كە بریتین لە بوونی عێراقێكی ئازاد و دووەم عێراقێكی سەربەخۆ و سێیەم خاوەن سەروەری، دووپاتی كردەوە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەسەر ئەو پڕۆژەیە بەردەوامە لەكاركردن.

زیاتر گوتی، ئێمە بینیمان گەلانی ئێران لەرێگەی ناڕەزایەتییەكانەوە داوا لە سەرانی دەكات كە رەفتاریان بگۆڕن، بەڵام بەداخەوە ئەوان بە كوشتنی سەتان هاووڵاتی وەڵامیان دایەوە، ئێمە هەمانشتمان لە بەیرووت و عێراق بینی، ئەو خۆپێشاندەرانەمان بینی كە لە نزیك باڵوێزگەی ئێمە نەبوون، ئەوان خۆپێشاندەری راستەقینەن نەوەك ئەوانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن. 

ئەمڕۆ چوارشەم مۆرگان ئۆرتاگۆس گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە دۆخەكە لە دەوروبەری باڵوێزگەی ئەمەریكا لە بەغدا لەژێر كۆنترۆڵدایە، دوای پاشەكشەكردنی ئەندامانی میلیشیای حەشدی شەعبی لەبەردەم باڵوێزگەكە دوای رۆژێك لە هێرشكردنە سەر، ئەو لە دیمانەیەكی كەناڵی "حورە"ی ئەمەریكی گوتی، ئەوانەی هێرشیان كردە سەر باڵوێزگەكە تیرۆریست بوون نەوەك ناڕەزاییكار، واشنتن لە پاڵپشتیكردنی خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز لە عێراق و وڵاتانی تریش بەردەوام دەبێت، هاوكات سیاسەتی ئەمەریكا بۆ گوشاری بەهێز بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبێت.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل