بێژەرێکی ناسراوی عەرەب کۆچی دوایی کرد

نەجوا قاسم
:: PM:02:23:02/01/2020 ‌
نەجوا قاسم بێژەری ناسراوی لبنانی لە تەمەنی 52 ساڵیدا لەناو ماڵەکەی خۆی کۆچی دوایی کرد، هەواڵی مردنەکەی ڕاستەوخۆ بەناو تەواوی میدیا عەرەبییەکاندا بڵاو کرایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی کانوونی دووەم، کەناڵەکانی عەرەبییە و عەرەبییە حەدەس بڵاویان کردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ نەجوا قاسم میدیاکار، بێژەر و پێشکەشکاری بەناوبانگی لبنانی، لە تەمەنی 52 ساڵیدا لەناو ماڵەکەی خۆی لە شاری دوبەی لە ئیمارات کۆچی دوایی کرد.

لە هەواڵەکەدا دەڵێن، هاوڕێ و هاوکارمان لە ساڵی 2003ەوە وەک پەیامنێر و بێژەر لە کەناڵەکەمان ئیشی کردووە، بوێرانە ڕووماڵی هەواڵە جەنگییەکانی زۆرینەی وڵاتە عەرەبییەکانی کردووە، کە دوایینیان هی عێراق و ئەفغانستان بوون، دووعا دەکەین خودا سەبووری خێزان و بنەماڵەکەی بدات.

بەبۆنەی سەری ساڵی تازەوە دووعای پاراستنی هاووڵاتییانی لبنانی کرد

دوایین پۆستی ئەم بێژەرە لە هەژمارەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پیرۆزبایی ساڵی نوێ بووە، هیوای خواستووە ساڵێکی خۆش بێت بۆ هەمووان و دووعای پاراستنی هاووڵاتییانی لبنانی لەم جەنگ و خۆپیشاندانانەی ئەم دواییە کردووە.

نەجوا قاسم بێژەرێکی بەناوبانگی عەرەب بوو، لە ساڵی 2011 وەک یەکێک لە 100 کاریگەرترین ژنانی عەرەب هەڵبژێردرا، دواتر لە ساڵی 2012 خەڵاتی داهێنانی تەلەفزیۆنیی لە لبنان وەرگرتووە.


وشە - ڕێناس شابان