موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر داوا لە لایەنگرانی دەكات كە خۆپێشاندانەكانی بڕیار بوو بەیانی سێشەم لە بەردەم دادگەی ساعە لە بەغدا سازی بكەن دوای بخەن، ئەوەش وەك رێزێك بۆ جەنگی مووسڵ.
هەفتەی رابردوو دوای بڕیارێكی دادگەی فیدراڵی عێراق بە نادەستووریكردنی بڕیارێكی پارساڵی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی پۆستی جێگرانی سەركۆماری عێراق، سەدر داوای خۆپێشاندانێكی ملیۆنی كرد لە دژی بڕیارەكە و لە بەردەم دادگەی ساعە لە بەغدا.
ئەمڕۆ دووشەم هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ، سەدر لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا داوای دواخستنی خۆپێشاندانەكەی بەیانی سێشەمی كرد، هەروەها داوای لە لایەنگرانی كرد كە لە بری ئەوە روو لە بارەگای باڵوێزخانەی توركیا لە بەغدا بكەن بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە دژی هەڵوێستەكانی ئەو وڵاتە بەرامبەر جەنگی مووسڵ.
سەدر دووپاتی كردەوە كە پێویستە خۆپێشاندانەكان پارێزگاری لە رەوتی ئاشتیخوازانەی خۆیان بكەنەوە و دەسترێژیكردن و ئاڵاسووتاندنی تیادا نەبێت و نەكرێت و داواشی لە توركیا كرد كە خۆی نەخاتە ناو كاروباری عێراق و ئەو وڵاتەش نەكاتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانی، داواشی لە هێزە تەناهییەكان كرد كە گیانی خۆپێشاندەران بپارێزن.
دوای ئەو قسانەی سەدر، دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق كە دوێنێ لە كۆبوونەوەیەكی رای گەیاند كە سێشەم بەهۆی خۆپێشاندانەكانەوە پشووی فەرمی دەبێت لە دامەزراوەكانی لە بەغدا، پێشوازی لەو بڕیارەی سەدر كرد و پشووەكەی سێشەمی هەڵوەشاندەوە.
رۆژنامەی "عەكاز"ی سعوودی ئاشكرای كرد كە دوێنێ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن هەڕەشەی لە موقتەدا سەدر كردووە كە بەزەبری هێز خۆپێشاندانەكانی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری بڵاوە پێ دەكات كە بڕیار بوو سێشەم ساز بكرێت.
سەرچاوە: شەفەق نیوز