خەڵكی مووسڵ لە نێو شارەكە هێرشیان كردە سەر داعش

:: PM:02:52:17/10/2016 ‌

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم لە نێو شاری مووسڵ، ژمارەیەك لە چەكدارانی هێزە بەرهەڵستكارەكانی داعش هێرشیان كردە سەر كۆگەیەكی چەك و تەقەمەنی تیرۆریستان و دەستیان بەسەر تەواوی چەك و تەقەمەنییەكاندا گرت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە مووسڵ دەست "وشە" كەوتوون، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم، چەكدارانی هێزە بەرهەڵستكارەكانی داعش لە نێو مووسڵ، هێرشیان كردە سەر كۆگەیەكی چەك و تەقەمەنی تیرۆریستان لە نزیك مەزارگەی پەیامبەر "شیت" پێنج لە پاسەوانانی كۆگەكەیان كوشت.

زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، چەكداران دوای كوشتنی پاسەوانەكان و كۆنتڕۆڵكردنی كۆگەكە، دەستیان بە دابەشكردنی چەك و تەقەمەنی نێو كۆگەكە بەسەر هاووڵاتییانی مووسڵ كردووە، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی چەكدارانی داعش ببنەوە.

سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە، لە نێو مووسڵ تیرۆریستان جموجۆڵ و چالاكییان بە تەواوی كەم بووەتەوە و هەمووان خەریكی دۆزینەوەی لانەیەكی ئارام لە ترسی بۆردمانی چڕی فڕۆكە جەنگییەكان.

ئەمڕۆ دووشەم هەڵمەتی رزگاركردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و ئێستەش لە میحوەری خازر هەشت گوند لەلایەن پێشمەرگەی كوردستان كۆنتڕۆڵ كراونەتەوە، هاوكات لە میحوەری گەیارە گوندێك و كارگەی گۆگردی میشراق كۆنتڕۆڵ كراون، لە گوێڕ هێرش دەستی پێ كردووە و دوو گوند گەمارۆ دراون، هاوكات لە بەعشیقە و بەنداوی مووسڵیش هێزەكان پێشڕەوی تەواویان كردووە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د