دوو كەمپ بۆ ئاوارەكانی مووسڵ لە كوردستان ئامادەكران

:: PM:02:56:17/10/2016 ‌

لەگەڵ دەستپێكی شەڕی رزگاركردنەوەی مووسڵ، دەزگەی خێرخوازیی بارزانی كە یەكێك لە چالاكترین دەزگەكانی عێراقە بۆ هاوكاریكردن و خزمەتی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان، ئامادەكاری تەواوی ئەنجام داوە بۆ وەرگرتن و جێگیركردنی ئەو ئاوارانەی بەهۆی شەڕی مووسڵەوە روو لە كوردستان دەكەن.

ئەمڕۆ دووشەم، 27 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، دەزگەی خێرخوازیی بارزانی لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای دەكات، بەمەبەستی هاوكاریكردنی ئەو ئاوارە تازانەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شاری مووسڵ روو لە كوردستان دەكەن، لە سنووری هەولێر دوو كەمپی "حەسەن شام، خازر" بۆ پێشوازی ئاوارەكان ئامادە كراوە.

ئەو دەزگەیە بەهەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی پەنابەرانی پارێزگای هەولێر و كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئامادەكاری تەواو بۆ وەرگرتنی ئاوارەكان دەكەن.

مووسا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی دووپاتی دەكاتەوە، پێش پرۆسەی ئازادكردنی شاری مووسڵ ئامادەكاریی تەواومان كردوە بۆ ئەوەی رێژەیەكی زۆری ئاوارەكان لە هەردوو كەمپی خازر و حەسەن شام كە دەكەونە ‌سنوری پارێزگای هەولێر، وەربگرین، لە ئێستەدا هەموو ئامادەكارییەكان كراون و چاوەڕوانی هاتنی ئاوارەكانین.

زیاتر روونی دەكاتەوە، لە سەروبەندی ئامادەكارییەكاندا لایەنی تەناهی ئامادەن بۆ پشكنین و چاودێریكردنی ئەو رێژە زۆرەی ئاوارە كە پێشبینی دەكرێت روو لە هەردوو كەمپەكە بكەن، ئێستە هەزار پەناگە لە كەمپی حەسەن شام ئامادە كراون.

دەزگەی خێرخوازیی بارزانیی چێشتخانەیەك بۆ دروستكردنی ژەمەخواردنی گەرم ئامادە كردووە و سەرجەم پێداویستییە خۆراكییەكان لەلایەن ئەو دەزگەیەوە دابین كراوە.


وشە - هیدایه‌ت جان