نهێنیی پشت مووشەكبارانكردنەكەی ئێران بۆ هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق

:: PM:07:32:08/01/2020 ‌

دوور لەو مشتومڕەی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەبارەی مووشەكبارانكردنەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمی ئێران بۆ سەربازگەكانی ئەمەریكا لە ئەنبار و لە هەولێر هەیە، كە زۆرێك لە چاودێران وای بۆ دەچن ئەوەی ئێران كردی لە رووی قەبارە و شێوازەوە لەگەڵ گەورەیی ئەو گورزەی بە كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەو هەڕەشانەی لە گەرمە گەرمی رووداوەكە بەرپرسانی ئێران كردیان، نەدەگونجا كە ئەمڕۆ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران كۆتاهاتنی وەڵامدانەوەی ئێرانی راگەیاند.
هیچ زانیارییەك لەبارەی زیانی هێزەكانی ئەمەریكا لەو بۆردمانە مووشەكییە نییە
سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی عەرەبی لەو بارەوە بە "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی راگەیاند، دوای ئەوەی بەغدا زانیاری لە بەرپرسانی ئێران پێ گەیشت لەبارەی ئەو هێرشەی ئێران دەیەوێت بیكاتە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، بەغدا ئەمەریكای لەو بنكە سەربازیانە وریا كردووەتەوە كە ئێران بەنیاز بووە بیانكاتە ئامانجی بۆردمانەكەی. 

بەرپرسێكی باڵای عێراقی لەوبارەوە دەڵێت، هێزەكانی ئەمەریكا دوو رۆژ پێش ئەنجامدانی، زانیاری تەواویان لەبارەی هێرشەكە هەبوو و رێوشوێنی خۆپارێزیان وەرگرتبوو، لەوكاتەی دوێنێ "سی ئێن ئێن"، لە راپۆرتێكیدا بڵاوی كردەوە كە هەواڵگری ئەمەریكا تێبینی جموجۆڵی سەربازی ئێرانییەكانی كردووە و هێزی بەرگری ئاسمانی ئەمەریكی لە ناوچەكە لەئامادەسازیدا بوون.

لەو ناوەدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكاری عێراق ئاشكرای كردبوو كە ئێران پێش هێرشەكە پەیامێكی زارەكی بۆ عێراق رەوانە كرد بەوەی بەم نزیكانە هێرشەكەیان بۆ سەر بارەگاكانی ئەمەریكا دەست پێ دەكات، هاوكاتی هێرشەكەیش ئەمەریكاییەكان پێوەندیان بە حكوومەتی عێراق كردووە.  

رۆژنامەیەكی بەریتانی لەوبارەوە دەڵێت، هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە ئەنبار بە رێككەوتنی ئێران و ئەمەریكا بووە و بە میانگیری چەند وڵاتێكی كەنداو كە بەرانبەر بە وەشاندنی ئێران گورزێكی سەربازی لە ئەمەریكا بەو شێوەی كە رووی دا، پەرەسەندنی دۆخی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆتایی بێت.

بەپێی راپۆرتی ئەو رۆژنامەیە، وەڵامدانەوەی سەربازی ئێران بۆ ئەمەریكا لە بەرانبەر كوشتنی قاسم سلێمانی بە میانگیریی وڵاتانی كەنداو هاوئاهەنگی تیادا كراوە و لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو رێوشوێنی سەربازی لەلایەن هەردوولا وەرگیراوە بۆ مسۆگەری نەكەوتنەوەی قوربانی بیانی لە بۆردمانەكەوە، روونی كردەوە، رۆژانی دوای كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، جموجۆڵێكی بەپەلە و فرەوانی دیپلۆماسی لە ناوچەكە دروست بوو و عێراقیش بەشداری تیادا كرد و گەیشتە ئەنجامی سازانی واشنتن و تاران لەبارەی ئەو وەڵامدانەوەی ئێران.

وەك رۆژنامەكە باسی دەكات كە سازانەكە بریتی بووە لەوەی ئێران هێرشێكی مووشەكی سنووردار بۆ سەر چەند پێگەیەكی سەربازی هێزەكانی ئەمەریكا لەناو عێراق ئەنجام بدات بەو شێوەی مسۆگەری نەكەوتنەوەی قوربانی لە ریزی سوپای ئەمەریكا بكات، كە بەپێی زانیارییەكان هەر ئەوەیش رووی دا.   

لەو كاتەی چەند سەرچاوەیەكی باڵای تەناهی و سیاسی عێراق ئاماژەیان كرد كە زۆرینەی مووشەكەكانی ئێران كە لەو هێرشانە هەڵدران لە ناوچەی چۆڵەوانی كەوتنەوە، لەوكاتەی ئەمەریكا رێگری لە چەند مووشەكێك كرد كە بەر ناوچەی نیشتەجێبوون هەڵدران، لەوبارەوە جەنەراڵێكی ئەمەریكی لە بەغدا دەڵێت، مووشەكەكانی ئێران كۆپییەكی نوێكراوەی مووشەكی سكۆد بوون كە پێشتر رووسیا پەرەی پێ دابوو، بەڵام ورد نین لە پێكانی ئامانجەكانیان.

بەپێی سەرچاوەكان هێزەكانی ئەمەریكا بەر لە هێرشەكە بە چەند سەعاتێك، سەربازەكان و ئامرازەكانی جەنگی لە سەربازگەی عەین ئەسەد بۆ شوێنی تر گواستەوە، ئەوەش بۆ رێگرتن لە كەوتنەوەی قوربانی و زیان، ئەوەش پاڵپشتی لەو بۆچوونە دەكات كە هێرشەكە بە هاوئاهەنگی كراوە، بۆیەش هیچ زانیارییەك لەبارەی زیانی هێزەكانی ئەمەریكا لەو بۆردمانە مووشەكییە نییە. 

لەوكاتەی ئەمەریكا بە بەردەوام خاوەنی سیستەمێكی بەرگری ئاسمانی مووشەكی پێشكەوتووە، كەچی لەو هێرشەدا تەنیا دوو مووشەكی تێكشكاندووە، بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێن، نەمانتوانی رێگری لەو مووشەكانەی ئێران بكەین بەهۆی نەبوونی ئەو چەكانەی كە دەتوانن رێگری لەو مووشەكانە بكەن لەو دوو بنكە سەربازییەدا.

ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی دەڵێت، شەوی رابردوو دەیان مووشەكمان گرتە بنكەی سەربازی لە عەین ئەسەد و هەولێر، لەو هێرشەدا هەردوو مووشەكی فاتح313 كە مەوداكەی 500 كیلۆمەترە و مووشەكی قیامە كە مەوداكەی 800 كیلۆمەترە بەكار هاتووە، سیستەمی بەرگری ئەمەریكی نەیتوانی ئەو مووشەكانە بخاتە خوارەوە و هۆكارەكەیشی بۆ خێرایی مووشەكەكان دەگەڕێتەوە كە وا دەكات تێكشكاندنیان بەزەحمەت بێت، هەروەها ئەوان سیستەمی شێوانی راداری و كڵاوەی جۆراوجۆری جەنگیان لێ بەسترا بوو. 

لەوكاتەی ئەمڕۆ چوارشەم میدیاكانی ئەمەریكا باسی ئەوەیان كرد كە ئێران بە مەبەست هێزەكانی ئەمەریكای بە وردی بۆردمان نەكرد و ویستی تەنیا پەیامێك رەوانە بكات زیاتر نا، ئەوان دەڵێن كە واشنتن و تاران هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە دەدەن. 

ئاژانسی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی لە ژمارەیەك بەرپرسی ئەو وڵاتەی گواستەوە بەوەی ئێران تەنیا ویستی پەیامێك رەوانە بكات و هیچی تر نا، لەوكاتەی كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی لە زاری چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاماژەی كرد، هەریەك لە واشنتن و تاران هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە دەدەن، بۆیە ئێران نەیویست بە وردی ئەمەریكییەكان لەو بنكە سەربازیانەی عێراق بپێكێت، هاوكات رۆژنامەی "یو ئێس ئەس تودەی"ی ئەمەریكی ئاماژەی كرد كە ئێران پێش هێرشەكە عێراقی ئاگەدار كردووەتەوە و بەغدایش ئەمەریكییەكانی لە هێرشەكە وریا كردووەتەوە.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل