له ساڵانی ته‌نگژه‌ی دارایی كه‌رتی پیشه‌سازیی كوردستان به‌ره‌و پووكانه‌وه چوو، ده‌رگه‌ی زۆر له كارگه پیشه‌سازییه‌كان داخران و هه‌ندێكیشیان به 45%ی توانای به‌رهه‌مهێنانیان و كه‌مێك كارمه‌نده‌وه شه‌ڕی مانه‌وه‌یان ده‌كرد. ئاراس ڕه‌ئووف به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازیی له وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی كوردستان له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا، رای ده‌گه‌یه‌نێت كه گه‌شبینه به پیشه‌سازیی كوردستان و پاڵپشتی رژدی حكوومه‌ت بۆ ئه‌و كه‌رته. به‌گوته‌ی ئه‌و "10 ساڵی تر كوردستان پێویستی به نه‌وت نامێنێت".
دۆخی كوردستان له كه‌رتی پیشه‌سازی چۆنه؟
ئێسته كه‌رتی پیشه‌سازیی كوردستان گه‌شانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی به‌خۆوه دیوه و به به‌راوردی ساڵانی ته‌نگژه زۆر باشه، ئه‌وكات كه به‌هۆی ته‌نگژه‌ی دارایی و شه‌ڕی داعشه‌وه كه‌رتی پیشه‌سازی كه‌وته ته‌نگژه‌وه، دانانی بازگه له نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق هێنده‌ی تر دۆخه‌كه‌ی خراپ كرد، به‌غدا وه‌ك وڵاتی دراوسێ مامه‌ڵه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی كوردستانی ده‌كرد و باجی له‌سه‌ر كاڵاكانی كوردستان دانابوو كه هه‌ڵگرتنیان كاریگه‌ری ئه‌رێنی هه‌بووه.
ئه‌وكات كه 65%ی كارگه‌كان داخران، ئێسته سه‌رباری كرانه‌وه‌یان 75%یان كه‌وتوونه‌ته‌وه گه‌ڕ، داواكاری كردنه‌وه‌ی كارگه‌ی نوێش زۆره.
چه‌ند كارگه‌ی پیشه‌سازی له كوردستاندا هه‌ن؟
له ته‌نگژه‌ی داراییدا كه ژماره‌یه‌كی زۆری كارگه‌كان داخران، دوای پۆلێن‌كردن، ئێسته ژماره‌ی كارگه پیشه‌سازییه‌كان زیاتر له سێ هه‌زار و 700 دانه‌ن، ته‌نیا ساڵی رابردوو 145 مۆڵه‌تی ڕۆنانی كارگه پیشه‌سازییه جۆراوجۆره‌كان له سێ پارێزگای هه‌رێمی كوردستان دراوه، 83 كارگه‌یان له هه‌ولێری پایته‌خت و له سلێمانیش 50 مۆڵه‌ت و له دهۆكیش 12 مۆڵه‌تی بنیاتنانی كارگه‌ی پیشه‌سازی له بواره جیاجیاكان دراوه.
ئه‌و كارگانه توانای پڕكردنه‌وه‌ی خواستی ناوخۆیان هه‌یه؟
زۆر كارگه‌ی پیشه‌سازیمان هه‌ن نه‌ك ته‌نیا له كوردستان، به‌ڵكو خواستی هه‌موو عێراق پڕ ده‌كه‌نه‌وه، له‌وانه كارگه‌كانی شیش، چیمه‌نتۆ، بلۆك، چپس، ئایسكرێم، شقارته، له به‌رهه‌مه‌كانی پاككردنهوهدا به‌رهه‌می خۆماڵی به‌شی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق به‌رهه‌میان هه‌یه، كلێنس هاورده ناكرێت و زیاتر له پێویستی كوردستان به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، كارگه‌ی ریسایكلینی ڕۆنی ئۆتۆمبێل كه دووباره ده‌كرێته‌وه و جگه له عێراق، هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ش ده‌كرێت.
چۆن به‌رهه‌می خۆماڵی له به‌رانبه‌ر هاورده ده‌پارێزن؟
به‌پێی یاسا پارێزبه‌ندی بۆ به‌رهه‌می خۆماڵی داده‌نێین كه هه‌ر كاڵایه‌كی به‌رهه‌مهاتوو له كوردستان 25%ی خواست پڕ بكاته‌وه، ده‌كرێ پارێزبه‌ندی بۆ بكرێت و ڕێ نه‌درێت كاڵای هاورده له بازاڕ كێبه‌ركێ بكات، ئێمه باجی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و كاڵایانه داده‌نێین كه توانای پڕكردنه‌وه‌ی 25%ی خواستیان هه‌یه، ئێسته زیاتر له 179 ماده له هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌رهه‌مه‌كانیان پارێزراوه.
هێشتا هه‌ر به یاسای 1991 كار ده‌كه‌ن؟
یاسای پیشه‌سازی له‌گه‌ڵ یاساكه‌ی به‌غدا یه‌ك خراوه و هه‌ردوولا كار به یاسای 20ی ساڵی 1998 ده‌كه‌ن، پێشتر له هه‌رێمی كوردستان كار به یاسایه‌كی كۆنی عێراقی ده‌كرا كه هیچ پشتگیرییه‌كی له به‌رده‌وامی و زیادبوونی به‌رهه‌می ناوخۆ نه‌بوو، جیا له‌وه هه‌نگاوی باش نراوه و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یاسای گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازی ژماره 20ی ده‌ركرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تا ئێسته له په‌رله‌مان ماوه په‌سند بكرێت، به‌ڵام به‌پێی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كاری پێ ده‌كرێت و به‌پێی ئه‌و یاسایه، پێنج بۆ 10 ساڵ وه‌به‌رهێن له باج ده‌به‌خشرێ، وه‌ك هاندان له هاورده‌ی ماده‌ی خام و كاڵا و ئامێره‌كاندا گومرگیان لێ وه‌رناگیرێت، هه‌ر له‌و یاسایه‌دا پارێزراوی به‌رهه‌می خۆماڵی هه‌یه كه ئه‌وه‌ش پاڵپشتی گه‌وره‌یه بۆ كه‌رتی پیشه‌سازی.
به‌ڵام ئاگه‌دارن كه هێشتا خاوه‌ن كارگه‌كان بێ گله‌یی نین؟
گله‌یی ئه‌وان زیاتر له‌سه‌ر گرانیی پێدانی وزه‌یه، گرانیی نرخی كاره‌با و نه‌وتی ڕه‌ش و گازوایل كه كارگه‌كان به‌كاری دێنن، ئه‌وه‌ش له‌مپه‌رێكی گه‌وره‌یه له به‌رده‌م كه‌رتی پیشه‌سازیی كوردستان، وه‌زیری پیشه‌سازی داوای له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كردووه نرخه‌كان داببه‌زێن و ده‌كرێ هاوتای به‌غدا بكرێن، له عێراق تۆنی نه‌وتی ڕه‌ش به 100 هه‌زار دیناره و له كوردستان نرخه‌كه‌ی دوو ئه‌وه‌نده زیاتره، له كاتێكدا وڵاتان پاڵپشتی ته‌واوی كه‌رتی پیشه‌سازی ده‌كه‌ن و پێویستییه‌كانیان به نرخی كه‌متر له بازاڕ بۆ دابین ده‌كه‌ن، پێویسته كوردستانیش چاو له‌وان بكات.
حكوومه‌ت تا چه‌ند بۆ كه‌رتی پیشه‌سازی په‌رۆشه؟
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جاران و به‌ر له ته‌نگژه‌ی دارایی، هاوكارییه‌كانی وه‌ك پێشینه‌ی پیشه‌سازی هه‌بوون كه ئێسته به‌هۆی تهنگژهكهوه نه‌ماوه، به‌ڵام حكوومه‌ت هاوكاره له گه‌شه‌سه‌ندنی كه‌رتی پیشه‌سازی و رژده له به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌و كه‌رته، بڕیاری دروستكردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری پیشه‌سازی به خزمه‌تگوزارییه‌وه له كوردستان داوه.
10 ساڵی تر كوردستان پێویستی به نه‌وت نامێنێت
سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌وانه له ویستی ئێمه‌دا نییه و كه‌رتی پیشه‌سازی پێویستی به گرنگیدانی زیاتره. ده‌رك به كه‌موكوڕییه‌كان ده‌كه‌ین و ڕهشنووسمان بۆ په‌رله‌مان ناردووه كه تێیدا چاره‌سه‌ری زۆر له گرفته‌كان ده‌كات.
كه‌رتی پیشه‌سازیی كوردستان بۆ پشت پێبه‌ستن ده‌بێت؟
له ڕابردوودا بۆمان ده‌ركه‌وت پشتبه‌ستن ته‌نیا به یه‌ك سه‌رچاوه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، بۆیه كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه ژێرخانی كوردستان ببووژێنێته‌وه، له كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، بازرگانی، گه‌شتیاری و هتد..، هه‌ر وه‌زاره‌تێكی تایبه‌ت له شوێنی خۆیه‌وه به به‌رنامه كاری بۆ ده‌كات، كه‌رتی پیشه‌سازیی كوردستان له گه‌شانه‌وه‌دایه و خۆئه‌گه‌ر هیچ شتێك ڕوو نه‌دات و حكوومه‌ت به‌و شێوه رژدانه كار له بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخان بكات، 10 ساڵی تر كوردستان پێویستی به نه‌وت نامێنێت.
وشه/به‌دواداچوونی چواس خالید