شاندی هەولێر و بەغدا لەگەڵ كۆنسەی یەكێتیی ئەوروپا كۆ دەبنەوە

:: PM:02:57:17/10/2016 ‌

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەوروپا ئاشكرای كرد، كە بڕیارە شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  بەسەرۆكایەتی فەلاح مستەفا و شاندی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی ئیبراهیم جەعفەری، بە ڕەسمی بەشداری كۆبوونەوەی عێراق و كۆنسەی یەكێتیی ئەوروپا بكەن.

دلاوەر ئاژگەیی لە پێگەی ڕەسمیی خۆی بڵاوی كردەوە، كە لە چوارچێوەی رێككەوتننامەی "هاریكاری و هەڤاڵبەندی نێوان عێراق و یەكێتیی ئەوروپا"، كۆبوونەوەی نێوان عێراق و كۆنسەی یەكێتیی ئەوروپا هەموو ساڵێك ئەنجام دەدرێت.

هەروەها نووسیویەتی، بڕیارە ئەمساڵ بۆ یەكەم جار شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن و شاندی عێراقیش بە سەرۆكایەتی ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق دەبێت.

ئاژگەیی كاتی ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەی نەنووسیوە، تەنیا ئاماژەی بەوە دا كە یەكەم جار شاندی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستێكی باڵا بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە بكات.

هێمای بۆ ئەوەش كردووە، كە بڕیارە لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكە، شاندی هەرێمی كوردستان بە جیا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی لۆگزامبۆرگ و هۆڵەندا و بەلجیكا كۆ ببێتەوە و سەردانی پەرلەمانی ئەوروپاش بكەن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د