لیستی نوێی مووچە بڵاو كرایه‌وه‌

:: AM:11:36:10/01/2020 ‌
دواى ئه‌وه‌ى عێراق ته‌واوى مووچه‌ى نارده‌ بانكى ناوه‌ندى له‌ هه‌ولێر، بڕیاره‌ له‌ سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو ده‌ست به‌دابه‌شكردنى  مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بكرێت.

ئەمڕۆ هه‌ینى 10ى كانوونی دووەم، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بانكى ناوه‌ند له‌ هه‌ولێر بە "وشە"ـی راگەیاند، هیچ گرفتێك لە پرسی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دروست نەبووە.

زیاتر گوتى، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژی یەکشەم 12ی کانوونی دووەم دەست بکرێت بە دابەشکردنی مووچەیەکی نوێ، لیستی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانیش بەم شێوەیە دەبێت:

1. یەکشەم 12ی کانوونی دووەم، مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان.

2. دووشەم 13ی کانوونی دووەم، مووچەی یەکەکانی 70 و 80ی وەزارەتی پێشمەرگە.

3. سێشەم 14ى كانوونى دووه‌م، مووچەی وەزارەتی پەروەردە.

4. پێنجشه‌م 16ى كانوونى دووه‌م، مووچەی وەزارەتی تەندروستی.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2019، مووچەی نۆ مانگی بە فەرمانبەران داوە، ئەمەش دوای خولانەوەی مووچەی سێ مانگی 2018 بۆ 2019.

بەگوێرەی ئامارەكان بێت لە هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 300 بۆ 400 هەزار مووچەخۆر هەن كە كۆی گشتی مووچەكانیان دەكاتە 885 ملیار دینار. 

بەپێی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بێت، ئەوا بەغدا مانگانە 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش 360 ملیار دینار لە داهاتی نەوتی دەخاتە سەر، وەزارەتی داراییش 60 ملیار، لەگەڵ 25 ملیاری كۆمەكی ئەمەریكییەكان بۆ هێزی پێشمەرگە، مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی پێ دابین دەكرێت.


وشە - محەمەد میران