ره‌سووڵ هه‌مزاتۆڤ ده‌ڵێ "كاتێ لێت ده‌پرسن تۆ كێی؟ ده‌توانی ناسنامه‌ی خۆت پێشان بده‌یت. به‌ڵام كاتێ له گه‌لێك ده‌پرسن ئێوه كێن؟ ده‌توانن زانا و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن".
گه‌لی كوردیش ئێسته خاوه‌نی ده‌یان كه‌سایه‌تیی به‌توانایه له بواره جیاجیاكاندا كه جێی ده‌ستیان دیاره. هونه‌رمه‌ند شنه عه‌بدوڵا محه‌مه‌د یه‌ك له ژه‌نیاره به‌تواناكانی ئامێری عوود و كه‌مانچه‌یه. كاتێك له به‌رنامه‌ی "قه‌له‌نده‌رخانه" ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌م بینى كه به‌هه‌ستێكى جوانه‌وه عووده‌كه‌ى ده‌ژه‌نی، هه‌ستم كرد خاوه‌نی ئه‌زموونێكى گه‌وره‌ی هونه‌رییه، بۆیه به‌لامه‌وه گرنگ بوو له‌باره‌یه‌وه بدوێین.
سه‌ره‌تای خولیابوونی شنه عه‌بدوڵا به هونه‌ری موزیك، بۆ سه‌رده‌می منداڵیی ده‌گه‌ڕێته‌وه
سه‌ره‌تای خولیابوونی شنه عه‌بدوڵا به هونه‌ری موزیك، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می منداڵی و وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، "له منداڵیمه‌وه ئاشنا بووم به مامۆستای هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یۆحه‌نا كه وانه‌ی موزیكی پێ ده‌گوتینه‌وه له باخچه‌ی منداڵانی سلێمانی، له‌وێ ئامێره موزیكییه‌كانی پیانۆ و ئۆكردیۆن و كه‌مانچه و ریتمییه‌كانی لێ بوو، مامۆستا ولیه‌م زۆر منداڵه‌كانی خۆشده‌ویست، رۆژانه ئۆكردیۆنه‌كه‌ی ده‌كرده شانی و موزیكی لێ ده‌دا كه له‌وێ هۆڵێكمان هه‌بوو، رۆژێك منیش چوومه سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆكه و نزیك بوومه‌وه له ئامێری ئۆكوردیۆنه‌كه، ده‌ستم خسته سه‌ر دوگمه‌كان و ده‌نگێكی گه‌وره له ئامێره‌كه‌وه ده‌رچوو، له‌وكاته مامۆستا ولیه‌م هات و منیش له ته‌نیشت ئۆكوردیۆنه‌كه دانیشتم، ئه‌وه‌بوو هاته لامه‌وه و ده‌ستی به‌سه‌رمدا هێنا و هانی دام بۆ فێربوونی موزیك. بۆیه ولیه‌م یۆحه‌نا وه‌ك مامۆستایه‌ك یه‌كه‌م هانده‌رم بوو بۆ ئه‌و بواره.
زیاتر گوتی، له‌وه به‌دواوه هاتمه دنیای میوزیك و دواتر بووم به‌ژه‌نیار، به‌شداریم له ده‌یان چالاكی و فێستیڤاڵی منداڵان كرد. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌م مامۆستایه‌م ماوه‌یه‌ك بارى ته‌ندروستى تێكچوو و دواى ململانێیه‌كى زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا، له رێكه‌وتى 14/9/2005 كۆچى دوایی كرد، به‌رله‌وه‌ى به‌جێمان بێڵێت، ئامێرى "عوود"ه‌كه‌ى پێشكه‌ش كردم. شه‌وێك كه ئیتر بارى ته‌ندروستى به‌ره‌و خراپی ده‌چوو، "خاتوو ڤیكتۆریا"ى خوشكى له ماڵه‌وه له‌لاى ده‌بێت و ئه‌و ته‌له‌فۆنى بۆ كردم و گوتى مامۆستا ولیه‌م بانگت ده‌كات، منیش چووم بۆ لای. مامۆستا به‌خوشكه‌كه‌ى گوت عووده‌كه‌م بۆ بێنه و بیده ده‌ستى "شنه"، پێی گوتم ئه‌وه یادگاریى منه بۆ تۆ. ئیتر فرمێسك به‌چاوم ده‌هاته خواره‌وه بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی.
منیش وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ ئه‌و رێز و خۆشه‌ویستییه‌ى ئه‌و مامۆستایه‌م، بڕیارم دا كارنامه‌ى ده‌رچوونم له‌سه‌ر ژیان و كارى هونه‌ریى ولیه‌م یۆحه‌نا بێت و دواتر له دووتۆی كتێبێكدا به‌ناونیشانی "ولیه‌م یۆحه‌نا، ژیان و كاری هونه‌ری" له‌سه‌ر ئه‌ركی ئینستیتیوتی كه‌له‌پووری كورد و به‌ڕاوێژی هونه‌رمه‌ند مه‌زهه‌ری خالقی چاپ كرا. ئه‌وه‌بوو له رێكه‌وتی 14/9/2013 و له ساڵوه‌گه‌ڕی كۆچی دوایی ولیه‌م یۆحه‌نا، له هۆڵی ته‌وار له شاری سلێمانی و به ئاماده‌بوونی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، كه‌وته به‌ردیدی خوێنه‌ران.
ئه‌مه‌ش به‌شێكه له كار و چالاكییه‌كانی هونه‌رمه‌ند شنه عه‌بدوڵا:
* له ساڵی 1991 چووه‌ته په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی سلێمانی، ساڵی 1995 ـ 1996 به‌پله‌ی "باڵا" به‌شی موزیكی ته‌واو كرد.
* پاش چه‌ند ساڵێك چووه‌ته به‌شی موزیكی كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و له ساڵی 2011 ـ 2012 به‌پله‌ی "زۆر باشه" بڕوانامه‌ی به‌كالریۆسی به‌ده‌ست هێنا .
*له ساڵی 1994 بووه‌ته ئه‌ندامی تیپی موزیكی مه‌وله‌وی و وه‌ك ژه‌نیار به‌شداریی له 22 كاری هونه‌ری كردووه.
* له ساڵی 1997 به مامۆستای موزیك دامه‌زرا له قوتابخانه‌ی نه‌ورۆزی سه‌ره‌تایی. ئه‌و قوتابخانه‌یه پێشتر ناوى جمهوورى بوو و دواتر ناوى گۆڕا بۆ نه‌ورۆز. له‌وێ بۆ ماوه‌ى هه‌شت مامۆستاى موزیك بووه و ده‌یان چالاكی و كردنه‌وه‌ی خولی موزیكی ئه‌نجام داوه. دواتر به‌هۆی كه‌مى ژه‌نیارى كچ، گوازراوه‌ته‌وه بۆ به‌شى موزیك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى رۆشنبیرى سلێمانى. له‌وێ 20 ئاوازی بۆ منداڵان داناوه و له‌سه‌ر ئه‌ركى باوكى له‌سه‌ر سیدی تۆماری كردووه به‌ناوى تیپی موزیكى منداڵانى نه‌ورۆز.
* له 15/1/2000 یه‌كه‌م كاری هونه‌ریی خۆی كه پارچه‌یه‌ك موزیك بوو، له كه‌ناڵی كوردسات تۆماری كردووه به‌ناوی پارچه "شنه‌ی ئاواز".
* له ساڵی 1997 تا 2003 له "كازیوه‌ی سه‌رشه‌قام" وه‌ك مامۆستای موزیك ده‌ستبه‌كار بووه و له پێنج فێستیڤاڵ و له ده‌یان ئاهه‌نگدا به‌شداریی كردووه.
* له 1/10/2003 له‌گه‌ڵ چه‌ند ژنه هونه‌رمه‌ندێك بووه‌ته ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى "گرووپی كیژانی سلێمانی"، له ده‌یان ئاهه‌نگ و كۆنسێرت و به‌رنامه‌ی تایبه‌تی كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان و له بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له سلێمانی و دهۆك و هه‌ولێر و سۆران ره‌واندز و كۆیه به‌شداریی كردووه.
* له 1/5/ 2007 له كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵی "المدی" له هه‌ولێر له‌گه‌ڵ گرووپی كیژانی سلێمانی به‌كارێكی هونه‌ری و ژه‌نینی ئامێری عوود به‌شداریی كردووه. دواتر له‌لایه‌ن مام جه‌لالی خوالێخۆشبووه‌وه خه‌ڵات كران.
* له ساڵی 2008 له رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی له هه‌ولێری پایته‌خت كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هێنانه‌وه‌ی رووفاتی پیرۆزی ئه‌نفاله‌كان، به‌كارێكی هونه‌ری به‌ناونیشانی "رووفاتی ئه‌نفال" به‌شداریی كردووه.
* له 2/6/2008 به كارێكی هونه‌ری به‌شداریی كردووه له رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی "ته‌لاری هونه‌ر" له شاری سلێمانی.
* له رێكه‌وتی 20/10/2011 له ساڵوه‌گه‌ڕی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند تایه‌ر تۆفیق له شاری كۆیه، وه‌ك ژه‌نیاری كه‌مانچه به‌شداریی كردووه.
* 20 ئاوازی منداڵان و سێ ئاوازی بۆ هونه‌رمه‌ندان نیان عه‌بدوڵا و هه‌ردوو خوشك ئه‌ڤین و ئاڤان عوسمان داناوه.
* 11 پارچه موزیكی به ئامێری عوود داناوه و تۆماری كردوون.
* وه‌ك ژه‌نیار به‌شداریی كردووه له هه‌ردوو درامای "ئه‌حمه‌دی نه‌وتفرۆش" و "سۆرانی بۆیاخچی" له ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند حوسێن میسری.
* ئاوازی بۆ سێ ئۆپه‌رێتی منداڵان داناوه.
* له 13/2/2013 كاتێ ژه‌نیاری به‌ناوبانگی جیهانی و به‌ڕه‌گه‌ز كورد هونه‌رمه‌ند "نه‌سیر شه‌مه" هاتووه‌ته سلێمانی، چاوی پێ كه‌وتووه و پاش ئه‌وه‌ی پارچه موزیكێكی به ئامێری عوود ژه‌نیوه، ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌ستخۆشیی لێ كردووه، بۆیه كۆمه‌ڵێك "كتێب و سیدى"ی تایبه‌ت به ئامێرى عوودى پێشكه‌ش كردووه.
* له رێكه‌وتی 20/3/2015 به‌ئامێری كه‌مان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند په‌یمان عومه‌ر له پاركی ئازادی له شاری سلێمانی به‌شداریی كردووه له ئاهه‌نگی نه‌ورۆز.
* له رێكه‌وتی 3/10/2015 به‌ئامێری كه‌مانچه به‌شداریی كردووه له "كۆنسێرتی خه‌ون" بۆ هونه‌رمه‌ندی عێراقی "ئه‌حمه‌د حه‌مید" له هۆڵی ته‌لاری هونه‌ری له سلێمانی.
* له رۆژانی 15 و 16/5/2016 له‌گه‌ڵ گرووپی موزیكی "لوڕ" به ئامێری عوود به‌شداریی كردووه له كۆنفرانسی "به‌ره و ناسنامه و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له سه‌رده‌می جیهانگیریدا" له زانكۆی سلێمانی.
* له رێكه‌وتی 26/7/2016 وه‌ك ژنیاری كه‌مانچه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هونه‌ره‌كانى موزیك به‌شداریی له ئۆكستراڵی و كۆڕاڵێك به‌ناوى "ئه‌ی كوردینه"، به رابه‌رایه‌تی مامۆستا نه‌جات ئه‌مین كه نزیكه‌ى 250 گۆرانیبێژ و موزیسیان به‌شدارییان تێدا كردبوو.
* له رێكه‌وتی 7/3/2017 له ساڵوه‌گه‌ڕی راپه‌ڕینی به‌هارى 1991 و 8ی مارسى رۆژی جیهانی ژنان، به موزیك به‌شداریی كردووه و خه‌ڵاتی رێزلێنانیان پێشكه‌ش كردووه.
له‌دوای هه‌موو ئه‌مانه شنه عه‌بدوڵا ده‌ڵێ، باوك و دایك و خوشك و براكانم و هاوسه‌ره‌كه‌م، به‌رده‌وام پاڵپشت و هانده‌رم بوونه.
سه‌رچاوه و په‌راوێز:
1. چاوپێكه‌وتنی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند شنه عه‌بدوڵا.
2. كتێبی "ولیه‌م یۆحه‌نا، ژیان و كاری هونه‌ری" نووسینى: شنه عه‌بدوڵا. سلێمانى2013.
* هه‌رچه‌نده ئامێری عوود مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 2500 پێش زاینی، به‌ڵام له‌سه‌ر ده‌ستی هونه‌رمه‌ندانی كورد گه‌شه‌ی كردووه، بۆ نموونه هونه‌رمه‌ندى كورد "زه‌ریاب" كه یه‌ك له ژه‌نیاره به‌توانا و ناوداره‌كانی دنیای موزیكه، له سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی عه‌باسییه‌كان و دواتر له وڵاتی ئه‌نده‌لووس، خزمه‌تێكی زۆری هونه‌ری كردووه و په‌ره‌ی به‌ئامێری عوود داوه، ژێی پێنجه‌مى بۆ زیاد كردووه. ئێسته‌ش هونه‌رمه‌ند "نه‌سیر شه‌مه"ی به‌ڕه‌گه‌ز كورد، ناودارترین عوودژه‌نی دنیایه، نازناوی "زه‌ریابی سه‌رده‌م" پێ به‌خشراوه.
وشه/ كه‌ركووك- ستار جه‌بارى