شارەزایان: ئەمەریكا بەئاسانی لە عێراق ناكشێتەوە

:: PM:05:33:14/01/2020 ‌

دوای پەسندكردنی پەرلەمانی عێراق بۆ پڕۆژەبڕیاری پابەندكردنی حكوومەت بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق، حكوومەتی عێراق رای گەیاند كە سوورە لەسەر دەركردنی ئەوان، شارەزایەكی تەناهی عێراقیش دووپاتی دەكاتەوە دەركردنی ئەمەریكا لە عێراق ئاسان نابێت و كورد و سوننە پێی رازی نین.

عێراق ناتوانێت بەسەر بەربەستەكانی ناوخۆیی و دەرەكی زاڵ بێت 

دوای كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی لە 3ی ئەم مانگە لەلایەن سوپای ئەمەریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا، پەرلەمانی عێراق لە 5ی ئەم مانگە بەئامادەبوونی ئەندامانی شیعە پڕۆژەبڕیارێكیان تێپەڕاند بۆ پابەندكردنی حكوومەت بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق لەوانەیش ئەمەریكا.

ئەمڕۆ سێشەم ولیەم وەردە گوتەبێژ بەناوی نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق رای گەیاند كە حكوومەت لە بڕیاری پەرلەمان بەدەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق پاشەكشە ناكات و هیچ رێككەوتنێكیان لەگەڵ ئەمەریكا لەوبارەوە نییە و بڕیارەكە هەموو هێزە بیانییەكان دەگرێتەوە.

واسق هاشمی سەرۆكی كۆمەڵەی عێراقی بۆ توێژینەوەی ستراتیجی لەوبارەوە دەڵێت، ئەمەریكا بەئاسانی لە عێراق پاشەكشە ناكات كە وەك بنكەیەك بەكاری دێنێت، بۆیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا باسی دەستگرتن بەسەر سامانی عێراق لە بانكەكانی ئەمەریكا و سەپاندنی سزا و داوای قەرەبووكردنەوەی لەبەرانبەر دامەزراندنی بنكەی عەین ئەسەد كرد. 

زیاتر گوتی، هاوكات لایەنە عێراقییەكان لەوبارەوە رێك نەكەوتوون و كورد و سوننە بە دەركردنی ئەمەریكا لە عێراق رازی نین، لەوكاتەی سوننە دەستیان كردووە بە بانگەشەكردنی بۆ دامەزراندنی هەرێمی سوننە، بۆیە ئەو بابەتە درێژخایەنە، جیا لەوەش ئەمەریكییەكان ئاماژە دەكەن كە لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ عێراق بابەتی پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا باس نەكراوە. 

هاشمی روونی كردەوە، ناڕوونییەكی زۆر لە پرسی دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا هەیە، چونكە عێراق لە 2004ەوە سەرچاوەی كڕینی چەكی جۆراوجۆر نەكردووە، بەتایبەتی هێزی ئاسمانی، بۆیە بەدەرچوونی ئەمەریكییەكان عێراق بێ هێزی ئاسمانی دەمێنێتەوە، هەروەها پارەی نەوتی عێراق لای ئەمەریكا كە بڕەكەی 35 ملیار دۆلارە، بەدەست بەسەرداگرتنی عێراق دەكەوێتە دۆخێكی سەختی ئابوورییەوە، لێرە سەرچاوەی بەهێزی ئەمەریكا دەردەكەوێت. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل