له سه‌ردانێكمدا بۆ شارى مه‌هاباد، هاوڕێ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك شاعیر و نووسه‌رانى شار، چوومه خزمه‌ت هونه‌رمه‌ند عه‌زیز شارۆخى، پاش ئه‌وه‌ى خۆم پێ ناساند، پێم گوت "سه‌رسامم به‌وه‌ى به زۆربه‌ى زاراوه‌كان گۆرانیت گوتووه، به‌تایبه‌تی گۆرانییه‌كانی "كابۆكێ، نازدار و نازدار، كیژۆڵه‌ى چاوڕه‌ش و جوان*".
ئه‌ویش گوتی، "كابۆكێ" گۆرانیى هونه‌رمه‌ندى گه‌وره حه‌سه‌ن جه‌زراوییه كه به‌داخه‌وه ئێسته ناوى له دنیای هونه‌ری كوردیدا نه‌ماوه و ده‌بوو كۆتاڵیان بۆ دروست بكرایه له كوردستان، چونكه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان مریه‌مخان و نه‌سرین شێروان، سه‌دان گۆرانى و لاوكى باكورى كوردستانیان تۆمار كردووه و له فه‌وتان رزگاریان كردوون.
گۆرانیى "نازدار و نازدار" فۆلكلۆرییه و گۆرانیى "كیژۆڵه‌ى چاوڕه‌ش و جوان"یش چیرۆكێكى زۆر ناوازه و جوانى هه‌یه كه ئه‌مه‌ش سه‌ربورده‌كه‌یه‌تى: له كۆتایی سه‌ده‌ى رابردوو، ئه‌وكات دووكانه‌كه‌م له‌سه‌ر شه‌قامى گشتیى مه‌هاباد بوو، رۆژێكیان ژن و پیاوێكى گه‌نج هاتن بۆ دووكانه‌كه‌م و پیاوه‌كه خۆى پێ ناساندم و گوتى، "من ناوم دارا مه‌حموود خه‌ڵكى باشوورى كوردستان‌م** و دانیشتووى هه‌نده‌رانم، ئامێرى عوودیش ده‌ژه‌نم و ئێسته چه‌ند گۆرانییه‌كم بۆ ئێوه هێناوه ئه‌گه‌ر پێتان باش بوو، به‌ده‌نگى خۆتان تۆمار و بڵاوى بكه‌نه‌وه".
كیژۆڵه‌ى چاوڕه‌ش و جوان ناوى "چیمه‌ن كه‌ریم"ـه
زیاتر گوتی، پاش ئه‌وه‌ى گوێم له گۆرانییه‌كان گرت، سه‌رسامیى خۆم بۆ یه‌كه‌م گۆرانى "كیژۆڵه‌ى چاوه‌ڕه‌ش و جوان" ده‌ربڕى. هونه‌رمه‌ند دارا مه‌حموود گوتى، ئه‌م گۆرانییه چیرۆكێكى تایبه‌ت به خۆمى هه‌یه، رۆژێكیان له شه‌قامێكى هۆڵه‌ندا پیاسه‌م ده‌كرد، كچێكى زۆر شۆخ و شه‌نگ و نامۆم بینى، دروست شێوه و ره‌نگى كوردستان به رووخسارییه‌وه دیار بوو، هه‌ستم كرد ئه‌مه كورده. شه‌و چوومه‌وه ماڵه‌كه‌ی خۆم، ئه‌م شیعره‌م نووسی و دواتر ئاوازیشم بۆ دانا. دواى چه‌ند رۆژێك دیسانه‌وه هه‌مان كیژ به‌ڕێكه‌وت هاته به‌رانبه‌رم، منیش ئه‌مجاره‌یان چوومه به‌رده‌مى و به كوردى سڵاوێكم لێ كرد، ئه‌ویش به كوردى وه‌ڵامی دامه‌وه و دواتر بووینه ئاشنا، دوای ماوه‌یه‌ك هاوسه‌رگیریمان كرد. ئه‌م خانمه‌ى له‌گه‌ڵم هاتووه بۆ لات كیژۆڵه‌ى چاوڕه‌ش و جوانه و ناوى "چیمه‌ن كه‌ریم"ـه، خه‌ڵكى مه‌هاباده و شیعرى جوانیش ده‌نووسێت.
هونه‌رمه‌ند عه‌زیز شارۆخ:
* له ساڵى 1938 له شارى مه‌هاباد له دایك بووه. له ساڵی 1970 كه ده‌نگ و ڕه‌نگی ورمێ داده‌مه‌زرێت، له‌وێ به‌رنامه‌یه‌ك به ناوی "به‌رنامه‌ی شیعر و موسیقا" په‌خش ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌ید ڕه‌حیم قوڕه‌یشی بانگهێشت ده‌كرێن و بۆ یه‌كه‌م جار به چه‌شنی فه‌رمی له‌وێ مه‌قامێكی "هۆمایون" تۆمار ده‌كات.
* به‌گشتی 41 ئه‌لبوومى مه‌قام و گۆرانیی هه‌یه و هه‌ندێكیان فۆلكلۆرن و به‌شێكی زۆریشی شیعره‌كانی خۆى دایناون.
به‌رهه‌مه‌كانى بریتین له "حه‌یران، لاوك، مه‌قام و قه‌تار" واته هیچ ده‌ڤه‌رێكى بێبه‌ش نه‌كردووه و به زۆربه‌ى زاراوه‌كان گۆرانى و مه‌قامى گوتووه. یه‌كه‌م گۆرانیی "ده‌تپه‌رستم" بووه.
* كۆمه‌ڵێك مه‌قام و گۆرانیى هونه‌رمه‌ندانى كوردى گوتووه وه‌ك، "سوبح پێناكه‌نێ"ى دیلان. "ده‌روێش عه‌بدوڵا" و "شیرین به‌هاره"ی تاهیر تۆفیق. گۆرانیی "كابووكێ"ی حه‌سه‌ن جه‌زراوی.
* ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر شارۆخى هه‌بووه، سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی به یه‌كه‌مین مامۆستای خۆى داده‌نێت. له منداڵییه‌وه به ده‌نگی تاهیر تۆفیق و حه‌سه‌ن جه‌زراوی ئاشنا بووه، پاشان به ده‌نگی محه‌مه‌د ساڵح دیلان ئاشنا بووه و ئاهه‌نگی نه‌ورۆزه و ئه‌ڵاوه‌یسی و ئه‌ژده‌هاكی لێوه فێر بووه. له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د ماملێ و سه‌روان ناهید دانیشتووه و گۆرانی‌یان به دووقۆڵى گوتووه.
* شیعری عه‌بدوڵا په‌شێو، هێمن، هه‌ژار و هێدی گوتووه‌ته‌وه.
* كۆنسێرتى گۆرانی و مه‌قامی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ڕێوه بردووه و له زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران و كوردستان وه‌ك تاران، شیراز، ئیسفه‌هان، خوڕه‌م ئاباد، كرماشان، سنه، سه‌قز، نه‌غه‌ده، سه‌رده‌شت، شنۆ ئاهه‌نگ و كۆنسێرتی ساز كردووه.
له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش له به‌ریتانیا، ئوسترالیا و ئه‌ڵمانیا كۆنسێرتى كردووه و دواین كۆنسێرتى له سه‌قز و بۆكان بووه.
سه‌رچاوه‌كان:
1. ماڵپه‌ڕى هاژه. نووسه‌ر و شاعیر هه‌رمان وه‌تمانى.
2. چاوپێكه‌وتنى تایبه‌تم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عه‌زیز شارۆخى له 15/10/2013 له شارى مه‌هاباد.
** دارا مه‌حموود خه‌ڵكى شارۆكه‌ى قه‌ڵادزێیه و دانیشتووى هه‌نده‌رانه.
وشه/ ستار جه‌بارى