مووسڵ..چەكدارانی داعش لە نێو خۆیاندا بوو بە شەڕیان

:: PM:03:33:17/10/2016 ‌

لەگەڵ پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و ئازادكردنی چەند گوندێك لە میحوەری خازرەوە، بەشێوەیەكی چاوەڕوانكراو ترس و دڵەڕاوكێ‌ لە ئاست چەكدارانی داعش لەناو سەنتەری مووسڵ بڵاو بووەتەوە و چەكدارانی داعش هەوڵی هەڵاتن و بە تاڵانبردنی پارەی رێكخراوەكە دەدەن.

پێگە كۆمەڵایەتییەكانی دژ بە داعش كە نزیكن لە شارەكە، ڕایان گەیاندووە ئەمڕۆ دووشەم لەناو شاری مووسڵ شەڕێكی گەورە لە نێوان چەكدارانی داعش ڕووی داوە و بەو هۆیەوە 20 چەكدار كوژراون و ژمارەیەكیشیان هەڵاتوون .

ئەو پێگانە ئاماژە بەوە دەكەن، ژمارەیەك چەكداری داعش هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی پارەو زێڕی (بەیت مال)یان داوە كە لەلایەن ئەبوبەكر بەغدادی بەمەبەستی كۆكردنەوەی داهات بۆ داعش دامەزراوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی لەو پێگانەوە پەخش كراون، ئەو چەكدارانەی داعش رایان گەیاندووە، ماوەیەكی زۆرە لە شەڕدان و هیچ پارەیەكیان وەرنەگرتووە و لەگەڵ دەست پێكردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵیشدا، هەوڵی بردنی ئەو پارەیان داوە، بەو هۆیەوە شەڕ و پێكدادان لە نێوان ئەوان و چەكدارەكانی پاسەوانی بەیت مال رووی داوە و 20 كەس لە هەردوولا كوژراون.

كەناڵی سۆمەریە نیوز بڵاوی كردەوە كە هەر ئەمڕۆ دووشەم پاسەوانە تایبەتەكانی بەیت مال و چەكدارانی عەسر ڕووبەڕووی یەك بوونەتەوە و هەوڵی بردنی پارەی بیت مالیان داوە، بەوهۆیەوە شەڕێكی قوڕس ڕووی داوە و ژمارەیەك كوژراوی لێ كەوتووەتەوە.

بەیت مال دەكەوێتە ناوەڕاستی شاری مووسڵ و نزیك لە گۆڕی یوونس پێغەمبەرە كە پێشتر ئەم شوێنە بۆ كۆمەك و هاوكاری خەڵكانی نەدار و كەمدەرامەت بەكار هاتووە.

وشە/رامیار جەواد


وشە - رامیار جەواد