مەحموود عوسمان: بەرهەم ساڵح ترسنۆكە

:: PM:12:58:20/01/2020 ‌
پەنجا رۆژ بەسەر دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا تێپەڕیوە و هێشتا لایەنە شیعەكان كۆك نین لەسەر كاندیدكردنی كەسێك، سەرۆك كۆماریش ئامادە نییە دەسەڵاتی خۆی بەكار بێنێت لە دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ. مەحموود عوسمان سیاسەتوانی ناسراوی كورد دەڵێ، بەرهەم ساڵح بوێری نییە و دەترسێ.

ئەمڕۆ دووشەم 20ی كانوونی دووەم/یەنایەر، بە دروستی 51 رۆژ بەسەر قبوڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی كاربەڕێكەر تێدەپەڕێت، تا ئێستە كەسێك رانەسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ. لە كاتێكدا دۆخی عێراق رووی لە ئاڵۆزییە و خۆپێشاندان تەشەنەی كردووە، كە خواستی یەكەمیان حكوومەتێكی بیلایەنە.

پەرلەمانی عێراق لە یەكی كانوونی یەكەم بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدییان لە پۆستی سەرۆك وەزیران قبوڵ كرد، ئەمەش دوای تێپەڕینی دوو مانگ بەسەر خۆپێشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی باشوور.

51 رۆژ بەسەر ماوەی دەستووری تێپەڕیوە و سەرۆك كۆمار ناوی هیچ كاندیدێكی نەداوەتە پەرلەمان


بەپێی مادەی 76ـی دەستووری عێراق، دەبووایە تا 15ـی كانوونی یەكەم، سەرۆك كۆمار ناوی كاندیدێكی رەوانەی پەرلەمان بكردایە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، كاندیدی راسپێردراویش مانگێكی لەبەر دەست دەبوو بەپێی دەستوور بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ. بەڵام هێشتا سەرۆك كۆمار ناوی هیچ كاندیدێكی نەداوەتە پەرلەمان. 

مەحموود عوسمان سیاسەتوانی دیاری كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند كە سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی دەستووری و یاسایی هەیە و خۆپێشاندەرانیش پشتگیری دەكەن. بەڵام وەك عوسمان دەڵێ "بوێر نییە و دەترسێت".

ناكۆكی و ململانێی نێوان هاوپەیمانی سائیروون و فەتح، یەكێكی ترە لە رێگرییەكانی دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ كە خۆپێشاندەرانیش پێی رازی بن. سیاسەتوانەكە لەوبارەیەوە روونی دەكاتەوە كە "شیعەكن دەیانەوێت كەسێكی سەربەخۆ، نزیك لە ئێران و حەشدی شەعبی بكرێتە سەرۆك وەزیران، ئەمەش لای خۆپێشاندەران تا ئێستە رەت كراوەیە".

تا دێت دۆخی عێراق خراپتر دەبێت، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەكاتی رەتكردنەوەی كاندیدكردنی ئەسعەد عیدانی كاندیدی هاوپەیمانی فەتح، هەڕەشەی دەست لەكاركێشانەوەی كرد ئەگەر كەسێك كاندید بكرێت شەقام پشتگیری نەكات.

عوسمان پێی وایە، سەرۆك كۆمار ئەگەر دەسەڵاتی خۆی بەكار بێنێت دەتوانێت بێ شیعەكان كەسێك دیاری بكات. دووپاتیشی كردەوە، "من لە جێی ئەو بم، ئەو كارە دەكەم و گوێ بەهیچ لایەن و كەسێك نادەم، ئەو كاتە خۆپێشاندەران پشتگیریم دەكەن كە هەموویان شیعەن، بەڵام سەرۆك كۆمار بوێری نییە و دەترسێت، ئێستە زۆر بێ هەڵوێستە".

112 رۆژ بەسەر خۆپێشاندانەكانی یەكی تشرینی یەكەم لە بەغدا و شارەكانی باشوور تێدەپەڕێت، تا دێت ئاماری قوربانیانی خۆپێشاندەران روو لە زیادبوون دەكەن، بەڵام لایەنە سیاسییەكان ئامادە نین بچنە ژێر ركێفی داواكارییەكانی خۆپێشاندەران، ئەمەش زیاتر رقی خۆپێشاندەرانی ئەستوورتر كردووە.

شەوی رابردوو دۆخی عێراق بەرەو قۆناغێكی مەترسیدار هەنگاوی نا، كاتێك رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزەكانی حكوومەت رووی دا، بەڵام تا ئێستە ئاماری كوژراوان و برینداران و گیراوان بە فەرمی رانەگەیەنراوە.


وشە/ بڵند ئیبراهیم


وشە - فه‌رمان سادق