دەزگای ئاسمانیی ناسا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، دەیەی ڕابردوو گەرمترین 10 ساڵی مێژووی گۆی زەوی بووە و هیچکات دنیا ئەوەندە گەرمیی نەبینیوە.
هۆی سووتانی دارستانەکان و توانەوەی بەستەڵەکەکان بەرزبوونەوەی گەرمای دەیەی رابردوو بوو
ئەمڕۆ دووشەم 20ی کانوونی دووەم/یەنایەر، ئاژانسی هەواڵی "دۆیچەڤێلە" بڵاوی کردووەتەوە، بەشی لێکۆڵینەوەی ناسا ئاشکرای کردووە، گەرمترین دەیەی مێژوو کۆتایی هات و ساڵی 2020 دەستپێکی ئاساییبوونەوەی کەشوهەوا دەبێت.
گۆین شمیت، بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوەی ناسا بەو ئاژانسە ئەڵمانییەی ڕاگەیاندووە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەسەر گۆی زەوی ئاساییە و ڕوو دەدات، بۆیە جێی نیگەرانی نییە.
زیاتر ڕوونی دەکاتەوە، بەهۆی گەرمبوونی زەوی لە دەیەی ڕابردوو، ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان ڕوویان داوە و توانەوەی بەستەڵەکەکانیش لەژێر ئەو کاریگەرییە بووە کە بە ڕای بیردۆزان پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە چالاکییەکانی مرۆڤەوە هەیە.
پلەی گەرمی زەوی لە دەیەی ڕابردوو، بە شێوەی مامناوەند 1407 پلەی سیلیزی بووە کە 1.4 پلە لە باری ئاسایی پلەی گەرمای سەدەی بیستەم بەرزتر بووە.
ناسا دەڵێ، دەیەی گەرما کۆتایی هات، لەو دەیەدا شایەتی هەشت ساڵی گەرم بووین کە تەنیا ساڵی 2005 و 1998 پلەی گەرمای لەو شێوەیە تۆمار کراون.
بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوەی ناسا دووپات لەوە دەکاتەوە، تا ئەوکاتەی پابەندبوونی وڵاتان بە کەمکردنەوەی گەرمای زەوی و بەرهەمهێنانی گازە گەرمیبەخشەکان مسۆگەر نەبێت، دەبێ چاوەڕوانی گەرمبوون و زیانگەیشتنی زیاتر بە زەوی بکەین.