گرژی لە نێوان ئێران و کەنەدا دروست بوو

:: PM:03:16:20/01/2020 ‌

وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵاتی ئێران و کەنەدا لە سەوی رابردووەوە بە توندی وەڵامی یەکتر دەدەنەوە و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئێران بە زۆربڵێ وەسف دەکات و دەڵێ، دنیا لەسەر کردارەکانتان بڕیارتان لەبارەوە دەدات.

ئێران دەبێ بە خێرایی سندوقە رەشەکە رادەست بکات

ئەمڕۆ فرانسۆ فلیپ شامپاین وەزیری دەرەوەی کەنەدا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هۆشداری توندی دایە ئێران هەتا زووە سندوقی رەشی ئەو فڕۆکە ئۆکرانییە رادەست بکاتەوە کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە موشەک خرایە خوارەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەرجەم 176 سەرنشینەکەی.

وەزیری دەرەوەی کەنەدا دەڵێ، ئێران چەندان جار بە فەرمی رای گەیاند ئەو سندوقە رەشە رادەستی ئۆکرانیا دەکاتەوە، بەڵام دوای دوو سەعات لە لیدوانە فەرمییەکەی پاشگەز دەبێتەوە و بڕیارێکی تر دەدات.

ئەو بەرپرسە باڵایە هۆشداری توند دەداتە ئێران و رای دەگەیەنیت، وڵاتان چاودێریتان دەکەن و دنیا بە کردارەکانتان بڕیارتان لەسەر دەدات نەک بە لێدوان و قسەکانتان.

دوابەدوای ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی کەنەدا، عەباس مووسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەست و تیایدا کەنەدای بە کەواسووری بەر لەشکر ناو برد.

لەناو قوربانیانی فڕۆکە ئۆکرانییەکەدا 78 هاووڵاتی ئێران-کەنەدی هەن و کەنەدا ئەوانە بە هاووڵاتی خۆی ناو دەبات، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، ئیمە پیدانی رەگەزنامەی کەنەدی بەو قوربانیانە بە فەرمی ناناسین و وەک هاووڵاتی خۆمان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین.

ئەو لیدوانانەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیای هێنایە سەر خەت و بە توندی هێرشی کردە سەر سیاسەتی ئێران لە هەمبەر رادەستنەکردنەوەی سندوقە رەشەکە.

ڤەدیم پریستایکۆ، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە کۆنگرەیەکیئ رۆژنامەوانی ئاماژەی دا، ئۆکرانیا سوورە لەسەر ئەوەی ئێران هەرچی زووە سندوقە رەشەکە رادەستی ئۆکرانیا بکاتەوە بۆ ئەوەی بە هاوکاری وڵاتانی تر "فڕەنسا، بەریتانیا، کەنەدا" لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی رووداوەکە بکەین و راستییەکانمان بۆ دەرکەوێت.


وشە - هیدایه‌ت جان