رۆژنامه‌یه‌كى عه‌ره‌بى له راپۆرتێكدا ده‌ڵێ، ئه‌گه‌رى هه‌یه موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له خۆپێشاندانه‌كان هه‌ڵبگڕێته‌وه و له‌گه‌ڵ ئێران رێك بكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى نوێى عێراق پێك بهێنێ.
رۆژنامه‌ى
"عه‌ره‌ب" ئه‌مڕۆ راپۆرتێكى له‌سه‌ر رۆڵى موقته‌دا سه‌دڕ رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در و پاڵپشتى هاوپه‌یمانیى سائیروون بڵاو كردووه‌ته‌وه، تێیدا پێشبینى ئه‌وه ده‌كات، له چه‌ند رۆژى داهاتوودا سه‌در ئه‌ركى پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێ له ئه‌ستۆ بگرێت، ئه‌مه‌یش به‌گوێره‌ى به‌رژوه‌ندییه‌كانى ئێران بێت.
خۆپێشانده‌ران: سه‌در به نیازه ده‌ست به‌سه‌ر گۆڕه‌پانى خۆپێشاندان بگرێت
له‌سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه ده‌كات، موقته‌دا سه‌در ئێسته له ئێرانه و چووه‌ته ناو دانوستاندنانه‌كانى دانانى سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ له‌گه‌ڵ ئێران، بۆ ئه‌وه‌ى شوێنى عادل عه‌بدولمه‌هدى بگرێته‌وه كه له‌ژێر گوشارى خۆپێشاندانه‌كان له یه‌كى كانوونى یه‌كه‌م ده‌ستى له‌كار كێشایه‌وه.
شه‌وى رابردوو، هێزه عێراقییه‌كان توندوتیژییه‌كى زۆریان ده‌رهه‌ق به خۆپێشانده‌رانى به‌غدا و كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف و ناسڕییه ئه‌نجام دا، ئه‌مه‌یش چه‌ند سه‌عاتێك دواى ئه‌و رێنماییانه‌ى سه‌در بوو كه ئاراسته‌ى لایه‌نگرانى خۆى كرد بوو، داواى لێ كردبوون، خیوه‌تى مانگرتن هه‌ڵبده‌ن و به ته‌واوى له گۆڕه‌پان ته‌حریر بێنه ده‌ره‌وه، چاودێرانى سیاسیش ده‌ڵێن ئه‌م داوایه‌ى سه‌در راسته‌وخۆ پێوه‌ندى به هه‌وڵه‌كانى ئێرانه‌وه هه‌یه بۆ دانانى سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ.
له راپۆرته‌كه‌ى رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب" هاتووه سه‌در چالاكییه ناڕه‌زاییه‌كانى خۆى له هوتافكێشان له دژى چینى سیاسى ده‌سه‌ڵاتدار و ئێران گۆڕیوه بۆ خۆپێشاندان له دژى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و داواكردنى ده‌رچوونى هێزه‌كان له عێراق، كه ئه‌مه‌یش به ته‌واوى له‌گه‌ڵ ئاره‌زووى ئێران یه‌ك ده‌گرێته‌وه.
راپۆرته‌كه‌ى له‌سه‌ر موقته‌دا سه‌در به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێ تا كاتێكى نزیك سه‌در ژانه‌سه‌رێكى عێراقى بوو له‌لاى ئێرانییه‌كان، چه‌ندان جاریش له‌وان یاخى بووه، كه‌چى ئێسته ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بووه هاوپه‌یمانى ئه‌وان و كار بۆ هه‌موو ئاره‌زووه‌كانى ئه‌وان ده‌كات.
ئاماژه‌یه‌كى تر‌ى پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى موقته‌دا سه‌در ئه‌وه‌یه، داواى له حه‌مید غزى/ نوێنه‌رى خۆى له حكوومه‌تى عێراق كردووه. ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى بكێشێته‌وه، كه له‌گه‌ڵ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى پێشكه‌شى كردبوو، ئه‌مه‌یش ماناى ئه‌وه‌یه سه‌در ده‌یه‌وێ هه‌موو شته‌كان بگه‌ڕێنه‌وه بارودۆخى به‌ر له خۆپێشاندانه‌كان.
چاودێرانى سیاسى ده‌ڵێن گواستنه‌وه‌ى هه‌ڵوێسته‌كانى سه‌در له‌م سه‌ره‌وه بۆ ئه‌و سه‌ر، جێبه‌جێكردنى گوشاره‌كانى ئێرانه كه ده‌یخاته سه‌ر عێراق، ئه‌مه‌یش نیگه‌رانى ئێران ده‌نوێنێ چونكه خه‌ریكه هاوپه‌یمانانى له‌م وڵاته ون ده‌بن، كه پێشتر ئێران به گه‌نجینه‌ى ستراتیژى خۆى ده‌زانێت.
سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن سه‌در گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هادى عامرى سه‌رۆكى رێكخراوى به‌در ده‌كات بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێ. ئه‌و سه‌رچاوه سیاسییانه دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه تا ئێسته مانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى له پۆسته‌كه‌ى خۆى بژارده‌ى یه‌كه‌مه و سه‌باره‌ت به بژارده‌ى دووه‌میش ده‌ڵێن ئه‌وان بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه‌سێكى تر بهێنن له ده‌ره‌وه‌ى ناوه‌نده سیاسیه‌كانه‌وه بێت و به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و كه‌سه به كۆمه‌ڵێك په‌یمان و به‌لچێن پابه‌ند بكرێت نه‌وه‌ك دواى راسپاردنى هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه.
به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌و سیناریۆیانه جێبه‌جێ ناكرێت ئه‌گه‌رهاتوو بارودۆخى خۆپێشاندانه‌كان به‌مشێوه‌یه بێت كه ئێسته له شه‌قامه‌كان هه‌یه. راپۆرته‌كه‌ى عه‌ره‌ب ده‌ڵێ ئێران له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى دایه، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى بزانێت، مانه‌وه‌ى ئه‌و جارێكى تر خۆپێشانده‌ران توڕه نه‌كات.
سه‌در له ئێرانه و رێككه‌وتنێكى نوێ له‌سه‌ر حكوومه‌تى عێراق ده‌كات
لێره‌دا وه‌ك راپۆرته‌كه ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات ئه‌ركى موقته‌دا سه‌در دێته پێشه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه به هه‌ر شێوازێك بێت خۆپێشاندانه‌كان كۆنتڕۆڵ بكات، چالاكێكى عێراق بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب باسى له‌وه كردووه، خۆپێشدانانى ملیۆن كه‌سى كه موقته‌دا سه‌در بانگه‌شه‌ى بۆ كردووه، ته‌نیا بۆ ئه‌وه گۆڕه‌پانه‌كانى خۆپێشاندان كۆنتڕۆڵ بكات، چاودێرێكى سیاسیش به هه‌مان شێوه ده‌ڵێ مه‌به‌ستى سه‌در له‌م خۆپێشاندانه ئه‌وه‌یه سه‌رنجى دنیا رابكێشێت كه هێشتا ئێران هه‌ژموونى له عێراق هه‌یه.
چونكه له‌ماوه‌ى سێ مانگى رابردوو كاتێك خۆپێشانده‌ران له دژى ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونى ئێران له عێراق ناڕه‌زاییان ده‌رده‌بڕى، وێنه‌ى ئێران له‌ناوچه‌كه و دنیا شێوا بوو، چونكه ئێران به‌ر له‌م رووداوانه‌ى سێ مانگى رابردوو خۆى وه‌ك پارێزه‌رى مه‌زه‌وى شیعه ده‌رده‌خست، كه‌چى كاتێك خۆپێشانده‌ران داواى ده‌ركردنى ئێرانی‌یان ده‌كرد، ئه‌وا ئه‌م وێنه‌یه‌ى ئێران كه‌وته ژێر گومانه‌وه.
هه‌فته‌ى رابردوو موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در هه‌فته‌ى رابردوو بانگه‌وازى كرد بۆ ئه‌وه‌ى خۆپێشاندانێكى ملیۆن كه‌سى له دژى مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه‌بچێت، كه‌چى پێشتر ئه‌و كارى بۆ چاكسازى ده‌كرد، رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات گۆڕ‌انى هه‌ڵوێست سه‌در وایكردووه ژماره‌یه‌كى زۆر له لایه‌نگرانى لێى جیاببنه‌وه و بچنه ریزى خۆپێشانده‌ران.