هەموو زانیارییەک لەسەر کۆڕبەندی داڤۆس

:: PM:08:59:20/01/2020 ‌

دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی نا حکوومی و قازانجنەویست، بە کۆڕبەندێک ناوبانی دەرکردووە کە ساڵانە لە مانگی کانوونی دووەم لە شاری داڤۆس لە وڵاتی سویسرا ڕێکی دەخەن و ناویشیان لێ ناوە، کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی و لە دنیادا هەر بە کۆڕبەندی داڤۆس ناوی دەرکردووە.

ساڵانە پێش دەستپێکی کۆڕبەندەکە بە چەند مانگێک ئامادەسازی بۆ دەکرێ و بانگێشتی سەرۆک، سەرۆک وەزیران یان وەزیری دەرەوەی زۆربەی وڵاتانی دنیا دەکات، تێکەڵی گەورە سەرمایەدارە جیهانییەکان دەبن و بە گۆڕینەوەی بۆچوونی ئابووری کە کەسایەتیی ئەکادیمی و ئابووریناسی گەورە و بەناوبانگ سەرپەرشتی دەکەن و لەسەر دوایین ڕکابەرییە ئابووری و سیاسییەکانی ڕووی لە دنیا کردووە دەدوێن و هەوڵ دەدەن چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە. 

هەرێمی کوردستان ماوەی چەند ساڵێکە، ئەندامێکی بەردەوامی ئەو کۆڕبەندەیە. ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم نوێنەرایەتیی کوردستان دەکات. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکایش تێیدا بەشدارە.

دامەزراندن
کۆڕبەندی داڤۆس، ساڵی 1971 بە دەستپێشخەریی کلاوس شواب ئابووریناسی گەورەی ئەڵمانی دامەزراوە، ئامانجی دروستکردنی کەشێکی فراوانی گفتوگۆی ئابووری بووە لەسەر ئاستی سەرکردە سیاسی و بارزرگانی و ئەکادیمییە باڵاکان لە وڵاتە گەورەکانی ئەوروپا. دواتر بازنەی کۆڕبەندەکە فراوان بووە و هەموو دنیای گرتووەتەوە.

بایەخ
پێش ئەوەی کۆڕبەندەکە لەسەر ئاستی هەموو دنیا بێت، پێی دەگوترا "کۆڕبەندی ئەوروپی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبار"، بەڵام ڕووداوەکانی ساڵی 1973  کە بووە هۆی ڕووخانی سیستەمی نرخی جێگر و شەڕی نێوان ئیسرائیل و عەرەب، وای کرد پانتایی کۆڕبەندەکە بۆ سەر ئاستێکی بەرزتر و بایەخێکی زۆرتر فراوان بکەن و کێشە ئابووری و سیاسییەکانی هەموو دنیا بگرێتەوە.

کۆڕبەندەکە لە دانیشتنی ساڵی 1974 بانگێشتی ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی کرد، ئیدی لەو کاتەوە سەرکردە سیاسییەکانی دنیا بوونە بەشێکی دانەبڕاو لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس و لەوە دەرچوو تەنیا بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکان و ئەکادیمییەکان بێت، بە پێچەوانەوە ئێستە کاتێک باسی کۆڕبەندی داڤۆس دەکرێ، زیاتر لەبەر سەرکردەکان گرنگیی وەرگرتووە.

بوارەکان
کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس، لەسەر سێ تەوەری سەرەکی دانیشتنەکانی دەبەستێ:

- بڕیاردان لەسەر شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم. سەرپەرشتیی هەموو ئەو داهێنانە پیشەسازییە بەرکابەرانە دەکات کە بەرهەم هاتوون و چاوەڕێ دەکرێ لە داهاتوودا بێنە بەرهەم، وەک بازاڕی ئۆتۆمبێل و مۆبایل، هەروەها چۆنییەتیی کاریگەرییان بۆ سەر ژیانی نەوەکانی داهاتوو و چۆنییەتیی ڕێکخستنی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و ڕۆشنبیری.

- چارەسەری ئەو گرفتە جیهانییە ئابوورییانەی لەماوەی تەواوبوونی کۆنگرەی ڕابردوو تا ئێستە تووشی هاتوون، هەروەها ئەو گۆڕانکارییە ژینگەییانەی دەبێتە هۆی ئەوەی یەکدەنگیی لەسەر بدرێ و ڕووبەڕووبوونەوە هەمەلایەنەی هەبێ لە هەردوو کەرتی گشتی و تایەبت و دۆزینەوەی چارەسەری تەکنەلۆژیی نوێ.

- چارەسەرکدنی بابەتی تەناهیی لەسەر ئاستی دنیا. کۆڕبەندەکە هەوڵ دەدات بیری نوێ بۆ دانانی ستراتیجییەک کە سوودەکەی بۆ تەواوی دنیایە بخاتە بەردەم سەرکردەکانەوە و لەسەر گۆڕانکارییە نوێیەکان ڕایان بهێنێ بۆ ئەوەی دنیا لە هەڕەشەی تەناهیی بپارێزرێ.


پەیکەر
پەیکەری کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس لە ئەنجوومەنێکی ئەمینداران و لیژنەیەکی جێبەجێکار پێک دێت. ئەنجوومەنە ئەمیندارییەکە بریتین لە کەسایەتی و سەرکردەکان لە بوارەکانی سیاسەت، ئابووری، کۆمەڵایەتی، مەدەنی و ئەکادیمی، ئامانجیان پاسەوانیکردنی بنەماکانی کۆڕبەندە و ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی پەیامەکانی.

لیژنەی جێبەجێکاریش ئەوانەن کە تەواوی چالاکییەکانی کۆڕبەندەکە بەڕێوە دەبەن و لە سەرۆکی جێبەجێکار و دەیان کارمەندی پسپۆڕیی جیاواز پێک دێن کە خەڵکی وڵاتانی جیاوازن.

کۆبوونەوەی ساڵانە
کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، ساڵانە چوار کۆبوونەوەی سەرەکی دەکات:

- کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە شاری داڤۆسی سویسرا بە بەشداریی پۆلێنێک لە سەرکردە سیاسی و گەورە سەرمایەدار و ئەکادیمییە پسپۆڕەکانی دنیا و هەموو ساڵێک لە مانگی کانوونی دووەم دەبەسترێت و تێیدا لەسەر ڕکابەرییە ئابووری و سیاسییەکانی ڕوو لە دنیا دەکەن گفتوگۆ دەکەن و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری بۆ دەدەن.

- کۆبوونەوەی ساڵانە بۆ پاڵەوانە نوێیەکان کە لە چین دەبەسترێ و تێیدا تایبەتە بە داهێنانە زانستی و تەکنەلۆجییەکان.

- لووتکەی ئەجێندای جیهانی، ئەمیان لە وڵاتی ئیمارات دەبەسترێ و تێیدا سەرکردەکانی بواری زانستی و ئەکادیمی بەشدار دەبن بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ڕکابەرییە گەورەکانی دنیان بکەن.
- کۆبوونەوەی ستراتیجیی پیشەسازی، تێیدا پلان و ستراتیجی کۆمپانیا زەبەلاحە پیشەسازییەکان دەخرێتە روو، هەر ساڵە لە شوێنێک دەبەسترێت.

خەرجی
سەرچاوەی خەرجیی ئەو کۆڕبەندە، وڵاتانی بەشداربوو دەیدەن. ئەندامی سەرەکیی هەر وڵاتێک 40 هەزار یۆرۆ دەدات. کۆمپانیاکانیش هەریەکەیان 18 هەزار یۆرۆ دەدەن، جیا لەو بەخشینە تایبەتانەی پێیان دەگات.
کۆی داهاتی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەەگاتە 200 ملیۆن فرەنگی سویسری و نیوەی بۆ بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە خەرج دەکرێ و نیوەکەی تریشی دەدرێتە کرێی ستافی لیژنەی جێبەجێکار.





وشە - كوردۆ شابان