30 خێزانی لە چیای ماكۆك گیر دەخۆن

:: PM:07:05:29/01/2017 ‌
گەشتیاری زستانە بێ چوونە ناو بەفر نابێت، بۆیە لە كوردستانیش ژمارەیەك خێزان بە دوای بەفر كەوتن بۆ  گەشتیاری و ئەوان روویان لە ناوچە شاخاوییەكان كرد، بەڵام بەهۆی بارینی بەفرێكی زۆر 30 خێزان لە چیای ماكۆك گیر دەخۆن و داوای یارمەتی دەكەن، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجیاوەش ئاشكرای دەكات كە بە فریایان چووین.

ئەمڕۆ یەكشەم ژمارەیەك لە هاووڵاتییان بەمەبەستی چوونە ناو بەفر و بەسەربردنی كاتێكی خۆش ڕوو دەكەنە شاخی ماكۆكی سەر بە شارەدێی حاجیاوەی دەڤەری ڕاپەڕین، بەو هۆیەوە ناتوانن بگەڕێنەوە و داوای یارمەتی بەپەلە دەكەن.

ژیان خاڵە سوور یەكێكە لەو هاووڵاتییانە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كاتێك چووین كەشوهەوا هێندە سەخت نەبوو لە سعات دووی دوای نیوەڕۆ ئێمە لەو شاخە نەمان تووانی بگەڕێینەوە، بۆیە بەهۆی بارینی بەفرێكی زیاتر و ونكردنی رێگاكە داوای یارمەتی بە پەلە دەكەین و بە فریامان وەرن.

ئەو هاووڵاتییە دەڵێت، ژمارەمان 30 خێزانە و منداڵیشمان لەگەڵدایە و  ڕەنگە زیاتر لە 100 كەس بین و ناتوانین بگەڕێینەوە خوارەوە، چونكە ڕێگەكەمان لێ‌ تێك چووە و نازانین چۆن بگەڕێینەوە هەمووشتێك هەر بەفرە.

ئەزوەر جەعفەر بەڕێوەبەری شارەدێی حاجیاوە لە لاپەڕەی خۆی لە سۆشیال میدیا ئاشكرای دەكات، ئێستە تیمەكانمان كە پێكهاتوون لە  شارەوانی و ئاسایش و پۆلیس بۆ شوێنی ئەو هاووڵاتییانە بەڕێ كران و بەسەلامەتی ڕزگار كران.

شاخی ماكۆك یەكێكە لە شاخە بەرزەكانی كوردستان دەكەوێتە سنووری شارەدێی حاجیاوە و خاوەن سروشتێكی تایبەت بە خۆیەتی بەهۆی بەرزی  ئاو هەواكەی كە لە هاوین فێنك و شێدارە و لە زستانیش شەپۆڵەكانی بەفر و باران بەشێوەیەكی چڕ دەی گرێتەوە.


وشە - رامیار جەواد