به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ی له ماوه‌ی سێ مانگی ڕابردوو له ناوچه‌كانی عێراق دروست بووه، زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عێراق له هه‌رێمی كوردستانه‌وه له‌گه‌ڵ وڵاتان ده‌كرێت. به‌پێی ئاماره‌كان "قه‌باره‌ی بازرگانی له ساڵی 2019 زیاتر له 20 ملیار دۆلار بووه".
هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی گرنگه و چه‌ندان وڵات به‌یه‌كه‌وه گرێ ده‌دات. هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافیی له‌لایه‌ك و ئارامی و ئاسایشه‌كه‌ی هۆكاره له په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری كه‌رتی بازرگانی.
به هۆی دۆخی ناله‌باری عێراق، بازرگانان زیاتر روویان له ده‌روازه بازرگانییه‌كانی كوردستان كردووه
مه‌لا یاسین مه‌حموود گوته‌بێژی یه‌كێتیی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ی له پارێزگاكانی عێراق دروست بوو، به ته‌واوی جووڵه و ئاڵوگۆڕی بازرگانی له خاڵه سنوورییه‌كانی عێراق و پارێزگاكانه‌وه گوازراوه‌ته‌وه بۆ خاڵه سنوورییه‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌ت بازرگانیكردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ وه‌ك ئێران و توركیا.
ئاماژه‌ی دا، به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ی عێراقه‌وه كێشه‌ی زۆر بۆ كاری بازرگانی دروست بووه، به‌تایبه‌ت خاڵی سنووری پارێزگای به‌سره كه چه‌ندان جاره له‌لایه‌ن خۆپێشانده‌رانه‌وه داده‌خرێت و ڕێ به هاورده و كاری بازرگانی نادرێت.
"دوای ئه‌و دۆخه‌ی تووشی عێراق بوو، ئێسته به‌شێوه‌یه‌كی فراوان كاری بازرگانی عێراق بۆ خاڵه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گوازراوه‌ته‌وه و له خاڵه‌كانی سنووری سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك، كاڵا و شمه‌ك و خۆراك و كه‌لوپه‌ل بۆ پارێزگاكانی عێراق ده‌گوازرێته‌وه" مه‌لا یاسین وای گوت.
به گوته‌ی گوته‌بێژی یه‌كێتیی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان، ساڵی 2019 زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی له نێوان وڵاتانی دراوسێ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كراوه، به‌شێوه‌یه‌ك به‌راورد به ساڵی 2018 به ڕێژه‌ی زیاتر 20% زیادی كردووه و قه‌باره‌ی بازرگانی بۆ سه‌رووی 20 ملیار دۆلار هه‌ڵكشاوه.
كوردستان ساڵی 2014 تا 2018 له ته‌نگژه‌ی قووڵی دارایی و ئابووریدا بوو، له كۆتایی 2018ـه‌وه خه‌ریكه راست ده‌بێته‌وه و كه‌مێك بووژانه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه.
گه‌یلان سه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتیی هاورده و ناردنكارانی هه‌ولێر، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌مساڵ قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له مه‌رزه‌كانی سنووری هه‌رێمی كوردستانه‌وه له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ زۆرباش بوو، هه‌رچه‌نده له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2019 پێڕه‌وی پێناسی گومرگی كرا، به‌ڵام به قه‌باره‌یه‌كی زۆر بازرگانی كراوه له نێوان دوو وڵات له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.
روونی كرده‌وه كه له ساڵی 2019 قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌گه‌ڵ سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 21 ملیار دۆلار بووه، هه‌ڵبه‌ت گرفتێك بۆ بازرگانان دروست بوو، ئه‌ویش پێناسی گومرگی بوو له‌گه‌ڵ عێراق.
"هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی له نزیكه‌ی 100 وڵاته‌وه كاڵا هاورده ده‌كات، به‌ڵام زۆرترین كاڵا و كه‌لوپه‌ل و خۆراك و ماده له وڵاتانی توركیا و ئێران و چینه‌وه دێن، ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی ڕابردووش دۆخی عێراق باش نه‌بوو، زۆرترین كه‌لوپه‌ل له سنووره‌كانی هه‌رێمه‌وه هاورده كراون" گه‌یلان وای گوت.
پێناسی گومرگی، یه‌كخستنی هه‌موو جۆره باج و گومرگێك بوو له سه‌رانسه‌ری عێراق به كوردستانیشه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه و ناوه‌ند چه‌ند ساڵێك بوو هه‌ر لایه‌كیان جۆرێك باج و رسوماتی له سنوور و فڕۆكه‌خانه‌كان ده‌سه‌پاند.
سۆران غه‌فوور به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری بازرگانیی سلێمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئێسته ئاڵوگۆڕی زۆرباش له مه‌رزه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی هه‌یه، دوای ئه‌و دۆخه‌ی عێراق ڕۆژانه به سه‌دان تڕێله و به هه‌زاران تۆن كه‌لوپه‌ل هاورده‌ی كوردستان ده‌كرێت، كاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی به‌هۆی ئه‌و دۆخه خراپه‌ی عێراق بۆ سنووره‌كانی هه‌رێم گوازراوه‌ته‌وه.
وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه زیاتر تیشكی خسته‌سه‌ر، گواستنه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی سوودی زۆرباشی بۆ هه‌رێمی كوردستان و بازرگانان هه‌یه، وا ده‌كات بازرگانانی هه‌رێم ڕاسته‌وخۆ كه‌لوپه‌ل بهێننه هه‌رێم و به نرخێكی كه‌متر بیفرۆشنه‌وه به كڕیار، هه‌روه‌ها له ڕووی گومرگییه‌وه سوودی بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌یه.
نه‌وزاد شێخ كامیل شاره‌زا له بواری ئابووری، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، گواستنه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له سنووره‌كانی عێراقه‌وه بۆ سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ڕووی ئابوورییه‌وه سوودێكی زۆری بۆ هه‌رێم ده‌بێت. روونی كرده‌وه "بازرگان، كڕیار و حكوومه‌تیش سوودمه‌ندن، چونكه وا ده‌كات داهاتی گومرگی بۆ حكوومه‌ت زیاتر بێت، له‌ڕووی نرخیشه‌وه زووتر ده‌گاته ده‌ستی كڕیار و پاره‌ی زیاتری ناچێته سه‌ر".
وشه/ سلێمانی. هۆشیار عه‌لی