فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی 70ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر ڕفاندنی ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ندێكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له گه‌رمیان ڕاگه‌یاند و ده‌ڵێ، باوه‌ڕ ناكه‌م دژه تیرۆری یه‌كێتی كاری له‌و شێوه‌یه بكات، هه‌ر هێزێكیش له‌سه‌ر بابه‌تی سیاسی و ململانێی حزبی كه‌سێك بڕفێنێت قابیلی قبوڵ كردن نییه.
پێنج ڕۆژ پێش ئێسته هێزێكی دژه تیرۆری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان "لوقمان حه‌مه عه‌لی" ئه‌ندامی مه‌ڵبه‌ندی 11ی گه‌رمیانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیان به فه‌رمانی لاهوڕ تاڵه‌بانی ڕفاند و تا ئێسته‌ش ئه‌و ئه‌ندام مه‌ڵبه‌نده‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بێسه‌روشوێنه.
پێشتر مه‌حموود سه‌نگاوی فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری پێشمه‌رگه و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، پێویسته مه‌كته‌بی رێكخستنی یه‌كێتی بێته ده‌نگ و لێكۆڵینه‌وه له‌و بابه‌ته بكات، ئاماژه‌ی دا، ئه‌و كه‌سه‌ی ڕفێنراوه كه‌سێكی ئارام و بێ كێشه‌یه.
له‌وباره‌وه شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی 70ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، له‌وپه‌ڕی توندی ململانێكان هیچ كه‌س نه‌یتوانیوه هێز به‌كار بهێنێت، هه‌ر كه‌سیش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێز بكات، ئه‌وا له شكستخواردوویی خۆیه‌تی، له نێو یه‌كێتیش شتی له‌و شێوه‌یه نه‌بووه.
هه‌روه‌ها گوتی، بڕواناكه‌م دژه تیرۆری یه‌كێتی كاری له‌و شێوه‌یه بكات، ئه‌وه ئیشی ئه‌وان نییه، ئه‌وان ده‌توانن یه‌كێك بگرن كه كه‌یسێكی ته‌ناهی له‌سه‌ر بێت، به‌ڵام هیچ هێزێك نییه بتوانێ له‌سه‌ر بابه‌تی سیاسی و ململانێی حزبی كه‌سێك بڕفێنێت و بیخاته گرتووخاته‌وه.
زیاتر دوا و ڕوونی كرده‌وه، ئه‌و كاره قابیلی قبوڵ نییه و شتی له‌و شێوه‌یه‌ش نییه.
جێی باسه پێشر ڕێبین ته‌ها كادری ڕاگه‌یاندنی باڵی ناوه‌ندی بڕیار بۆ "وشه" هۆكاری ڕفاندنی ئه‌و ئه‌ندام مه‌ڵبه‌نده‌ی له‌لایه‌ن دژه تیرۆری یه‌كێتییه‌وه ڕوون كرده‌وه و گوتی، ڕفاندنی ئه‌و ئه‌ندام مه‌ڵبه‌نده‌ی یه‌كێتی له گه‌رمیان، پێوه‌ندی به ململانێی نێو ماڵباتی تاڵه‌بانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌وه هه‌یه.
سلێمانی