وەزارەتی تەندروستی هەرێم رووبەڕووی ڤایرۆسە چینییەكە دەبێتەوە

:: AM:11:37:22/01/2020 ‌

ماوەی چەند رۆژێكە ڤایرۆسێكی كوشندە و مەترسیدار لە چین بڵاو بووەتەوە و گەیشتووەتە كۆمەڵێك وڵاتی تری دنیا. وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان خەریكی وەرگرتنی رێوشوێنی پێویستە بۆ رێگریكردن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بۆ كوردستان.

بەهۆی  ڤایرۆسەكەی چین كە لە خێزانی كرۆنایە و هێشتا هیچ ناوێكی دیاریكراوی بۆ نەدۆزراوەتەوە، لە چین نزیكەی 600 كەس تووشبوون و نۆ كەسیش گیانیان لە دەست داوە. ڤایرۆسەكە گەیشتووەتە ئەمەریكا، ژاپۆن، تایلەند و كۆریای باشوور و زیاتر لە رێی ئەو كەسانە دەگوازرێتەوە كە سەردانی چین دەكەن.

هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی  پتەوی بازرگانی لەگەڵ چین هەیە و رۆژانە بازرگانانی كوردستان سەردانی چین دەكەن و لەو وڵاتە شتومەك هاوردەی كوردستان دەكەن، بۆیە مەترسی ئەوە لە ئارادایە ڤایرۆسەكە بۆ كوردستانیش بگوازرێتەوە.

هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسەکە لە کوردستان تۆمار نەکراوە


محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە ئەم ڤایرۆسەی لە چین بڵاو بووەتەوە، جۆرێك ڤایرۆسی نوێیە كە خۆشبەختانە لە كوردستان بەدوور بووە و هیچ حاڵەتێكی لێ تۆمار نەكراوە. ئەو گوتی ڤایرۆسەكە لە سەرەتادایە و تەنانەت لە هەموو چینیش بڵاو نەبووەتەوە و تەنیا پارێزگایەكی ئەم وڵاتەی گرتووەتەوە.

وەك گوتەبێژەكەی وەزارەتی تەندروستی خستیەڕوو،  وەك هەنگاوی كردەنی تا ئێستە هیچیان نەكردووە، بەڵام خەریكی هاوئاهەنگین چ لەگەڵ پاراستنی تەندروستی كوردستان و چ لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست لە بەرانبەر ڤایرۆسەكە بگرنەبەر.

بەگوتەی محەمەد قادر، بەگشتی هەموو ئەو جۆرە نەخۆشییە ڤایرۆسییانەی كە لە دنیادا هەیە و بڵاوبوونەوەیان مەترسیدارە، لە هەرێمی كوردستانیشدا بەرانبەریان رێوشوێنی پێویست دیاری كراوە و ئەگەر لە دوای پشكنین دەرچوو بۆ نموونە كەسێك تووشی جۆرێك ڤایرۆسی مەترسیدار بووە، ئەوا یەكسەر بۆ وڵاتەكەی خۆی رەوانە دەكرێتەوە.

ئەم ڤایرۆسە نوێیە لە خێزانی كرۆنا ڤایرۆسە كە مرۆڤ تووشی پشووسواری دەكات و لەوانەیە بببێتە هۆی مردنی كەسەكە. ڤایرۆسەكە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە.

خێزانی كرۆنا ژمارەیەكی زۆری ڤایرۆس لە خۆ دەگرێت. ئەنفلەوەنزای ئاسایی بەهۆی سەرما ئاساییترین و كەم مەترسیدارترینی ڤایرۆسەكانی ئەم خێزانەیە. هەڵبەت ڤایرۆسی مەترسیداری "سارس"یش لە هەمان خێزانە كە لە ساڵانی 2002 و 2003 بە دنیادا بڵاو بووەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر بوونە قوربانی.



وشە - سلێمان تاشان