پەرلەمانتارێكی شیعە: بەرهەم ساڵح بۆ گڵۆپی سەوزی ئەمەریكا چووەتە داڤۆس

:: PM:06:59:22/01/2020 ‌

ئەمڕۆ لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆبووەوە، پەرلەمانتارێكی شیعە لە هاوپەیمانی "بینا"، رای گەیاند كە سەردانەكەی ساڵح بەمەبەستی وەرگرتنی گڵۆپی سەوزی ئەمەریكایە لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق.
شیعە: بەرهەم ساڵح دوای دیداری ترەمپ سەرۆك وەزیران رادەسپێرێت
ئەحمەد كنانی ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، سەرۆك كۆمار چەند ناوێكی وەك كاندیدی سەرۆكی حكوومەتی كاتی لەپێشە، كەچی ئەو هیچیانی رانەگەیاند و پێی باشتر بوو بەشداری لە كۆنگرەی داڤۆس بكات و لەوێ چاوی بە ترەمپ بكەوێت بەر لە راگەیاندنی كاندیدەكە. 

زیاتر گوتی، پێشبینی دەكەین ساڵح بیەوێ گڵۆپی سەوزی ئەمەریكا لەبارەی كاندیدێكی دیاریكراو وەربگرێت لەكاتی دیداریان بۆ ئەوەی كە پێنجشەم هاتەوە ناوەكە رابگەیەنێت، دووپاتی كردەوە كە ئەوان هەر كاندیدێكی ئەمەریكی رەت دەكەنەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

لای خۆیەوە نەعیم عبوودی، گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی گرووپی عەسائیب لە تویتێك نووسویەتی، بەرهەم ساڵح پیاوی دەوڵەتە و ناكرێ ببێتە هۆكاری پێشێلكردنی دەستوور و سەروەری عێراق و دەماری  ملیۆنان گەلی عێراق بگرێت، وەك ئاماژەیەك بۆ دیداری ساڵح و ترەمپ لە داڤۆس.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل