ململانێ له‌سه‌ر كه‌سی یه‌كه‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و هه‌نگاوه‌كانی دوای كۆنگره، حزبه‌كه‌ی ئیفلیج كردووه. له‌كاته‌ی مانگێك تێپه‌ڕیوه هێشتا پێڕه‌وی ناوخۆ په‌سند نه‌كراوه و ئۆرگانه‌كان و كه‌سی یه‌كه‌می حزب نه‌هاتوونه‌ته هه‌ڵبژاردن. ئه‌گه‌رچی قسه له‌سه‌ر پێكهێنانی لیژنه ده‌كرێ بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی دوو ئامۆزاكه، به‌ڵام ئارێز عه‌بدوڵا ره‌تى ده‌كاته‌وه كێشه هه‌بووبێت و ده‌ڵێ، سه‌ردانه‌كه بۆ گفتوگۆ بووه له‌سه‌ر په‌یكه‌ری یه‌كێتی.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای تێپه‌ڕبوونی 24 رۆژ به‌سه‌ر كۆنگره، له 14ـی ئه‌م مانگه یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی گشتی گرێ دا. دانانی لیژنه‌یه‌ك بۆ پێداچوونه‌وه‌ی به پێڕه‌وی ناوخۆ تاكه بڕیاری كۆبوونه‌وه‌كه بوو، بڕیاره تا 25ـی ئه‌م مانگه كۆبوونه‌وه‌كه ته‌واو بكه‌ن و ده‌نگ به پێڕه‌وی ناوخۆ بده‌ن.
به‌رهه‌م ساڵح به‌ڕه‌كه له‌ژێر پێی دوو ئامۆزاكه ده‌ردێنێت
پرسی سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتی دوای كۆنگره، یه‌كێكه له‌و پرسانه‌ى له میدیاكانه‌وه تیشكی زۆر ده‌خرێته سه‌ر، به‌ڵام له یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تیى نوێی ئه‌و حزبه قسه‌ى له‌سه‌ر نه‌كرا، ئه‌گه‌رچی باس له بوونی ململانێی توند ده‌كرێت به‌تایبه‌ت له نێوان "لاهوور و بافڵ تاڵه‌بانی"، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كامیان ده‌بێته كه‌سی یه‌كه‌می یه‌كێتی.
به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان، ململانێی نێوان ئه‌و دوو سه‌ركردایه‌تییه‌ی یه‌كێتی، گه‌یشتووه‌ته ئاستى ئه‌وه‌ى پێوه‌ندی و قسه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كتر نه‌ماوه. ئه‌مه‌ش وایكردووه رۆژی 15ـی ئه‌م مانگه هه‌ریه‌ك له ئارێز عه‌بدوڵا، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد و ره‌هبه‌ر سه‌ید ئیبراهیم ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتی بۆ ناوبژی سه‌ردانی بافڵ و لاهوور به جیا بكه‌ن.
ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیى گشتیی یه‌كێتیی، ئه‌وه پشتڕاست ده‌كاته‌وه كه سه‌ردانی لاهوور و بافڵ تاڵه‌بانیی كردووه، به‌ڵام بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی ره‌ت كرده‌وه كه ململانێ له نێوان ئه‌و دوو سه‌ركردایه‌تییه هه‌بێت.
به‌گوته‌ی خۆی "سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری نوێی یه‌كێتیی بووه، بۆیه ئه‌و سێ ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تیى وه‌ك لیژنه‌یه‌كی راسپێردراو سه‌ردانی بافڵ و لاهوور تاڵه‌بانییان كردووه".
"ده‌مانه‌وێ رێككه‌وتنێك هه‌بێت له‌سه‌ر په‌یكه‌ری نوێی یه‌كێتی، گفتوگۆكانیش بۆ ئه‌وه بووه و زۆربه‌ى دانیشتنه‌كانیش هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه بووینه" عه‌بدوڵا وای گوت.
ئارێز ئه‌وه‌ى ره‌ت كرده‌وه كه نێوانی بافڵ تاڵه‌بانی و لاهوور جه‌نگی خراپ بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌ڵێ "ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى سه‌ركردایه‌تی كه سه‌ردانه‌كه‌یان كردووه، مه‌به‌ست لێی نزیككردنه‌وه‌ی بۆچوونه جیاوازه‌كان بووه له‌سه‌ر په‌یكه‌ری یه‌كێتی له داهاتوودا".
روونی كرده‌وه، بۆچوونه جیاوازه‌كان ئه‌وه‌ن كه ئایا ده‌سه‌ڵاته‌كان لای كه‌سی یه‌كه‌م بێت، یان ده‌سته‌ى كارگێڕی یاخۆ سه‌ركردایه‌تى؟. زیاتر گوتی "ته‌نانه‌ت هه‌یه ده‌ڵێ با كه‌سی یه‌كه‌م وه‌ك سكرتێر بمێنێته‌وه، هه‌یه ده‌ڵێ با سه‌رۆك بێت، بۆیه ململانێكان توند نین و ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێ بۆچوونه نوێیه‌كان له یه‌كتر نزیك بكه‌ینه‌وه".
ناكۆكی لاهوور و بافڵ له ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامی ده‌نگه‌كانی كۆنگره‌وه ده‌ستی پێ كرد كه یه‌كه‌میان به ده‌نگی زۆر له پێش دووه‌میانه‌وه بوو، به‌وه‌یش بافڵ هه‌ست ده‌كات پیلانێك له پشتییه‌وه گوزه‌رابێت.
هه‌ر شتێك له به‌رژه‌وه‌ندیی حزب بێت، ده‌بێت هه‌موویان قبووڵی بكه‌ن
مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتی بێ ئاگایی خۆی له بوونی ناكۆكی له نێوان بافڵ تاڵه‌بانی و لاهووری ئامۆزای ده‌رده‌بڕێت و به"وشه"ده‌ڵێ، له میدیاكان قسه زۆر ده‌كرێت، به‌ڵام من وه‌ڵامی میدیا ناده‌مه‌وه و پێوه‌ندیشم به‌و قسانه نییه.
پێوه‌ند به‌وه‌ى بوونی ململانێ له‌سه‌ر پۆستی یه‌كه‌می یه‌كێتی تا كوێ ئاساییه و له به‌رژه‌وه‌ندی حزبدایه، چاوڕه‌ش وای ده‌بینێ ململانێ ئاساییه ئه‌گه‌ر بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزب بێت، چاككردنی حزب و سه‌رخستنی ئاساییه ئه‌گه‌ر شتى خراپی له دواوه نه‌بێت.
زیاتر گوتی "هه‌ر شتێك له به‌رژه‌وه‌ندیی حزب بێت، ده‌بێت هه‌موویان قبووڵی بكه‌ن".
ململانێی نێوان بافڵ تاڵه‌بانی و لاهوور تاڵه‌بانی له‌سه‌ر كه‌سی یه‌كه‌می حزب یاخۆ جێگری یه‌كه‌م، له كاتێكدایه به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق یه‌كێكه له كاندیده‌كان و ره‌نگه كۆسره‌ت ره‌سووڵیش له‌م پرسه‌دا رۆڵ ببینێت و پارسه‌نگ به‌لای به‌رهه‌م ساڵح بكشێنێته‌وه.
له‌وباریه‌وه ئارێز عه‌بدوڵا ده‌ڵێ، هێشتا به فه‌رمی كه‌س خۆی كاندید نه‌كردووه. به‌ڵام مسته‌فا چاوڕه‌ش رای گه‌یاند، "یه‌كێتی خۆی بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌دات كه كێ ده‌بێته كه‌سی یه‌كه‌می حزب و ئه‌و پرسه ده‌كه‌وێته مانگی شوبات".
پێڕه‌وی ناوخۆ چ یه‌كێتییه‌ك ده‌خاته گۆڕه‌پان
له یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تى به سه‌رۆكایه‌تیى مسته‌فا چاوڕه‌ش سه‌رۆكی ته‌مه‌ن، بڕیاری پێكهێنانی كۆمیته‌ى پێداچوونه‌وه به پێڕه‌وی ناوخۆ درا، بڕیاره تا 25ـی ئه‌م مانگه كه كۆبوونه‌وه‌ی ته‌واوكاری ئه‌نجوومه‌ن ده‌بێت، پێڕه‌وی ناوخۆ بۆ ده‌نگدان ئاماده بێت.
مسته‌فا چاوڕه‌ش كه وه‌ك گوته‌بێژی سه‌ركردایه‌تیی گشتی یه‌كێتی ده‌ستنیشان كرا له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، نایشارێته‌وه كه ئه‌گه‌ر پێڕه‌و ئاماده نه‌كرێت، ئه‌سته‌مه كۆبوونه‌وه‌كه بكرێت و ره‌نگه دوابخرێت.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتی پێڕه‌وی نوێ ده‌خاته ده‌نگدان، پاشان ده‌رگه‌ی خۆپاڵاوتن بۆ كه‌سی یه‌كه‌می حزب ده‌كرێته‌وه كه تا ئێسته جگه له به‌رهه‌م ساڵح، بافڵ و لاهوور تاڵه‌بانی له كاندیدانی حزبن.