ریزبەندی دیموكراسیترین وڵاتانی دنیا.. عێراق 118مینە

:: PM:03:07:23/01/2020 ‌
بەپشتبەستن بە كۆمەڵێك پێوەر لەوانە هەڵبژاردن و فرەیی، ناوەندێكی بەریتانی ریزبەندی دیموكراسیترین وڵاتانی دنیای راگەیاند. بەپێی ریزبەندییەكە بێت كە هۆشیاری سیاسی و ئازادییە شارستانییەكانیش دوو پێوەری ترن، ئەوا عێراق لە پلەی 118مینی دنیا دێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی كانوونی دووەم، ناوەندی "زە ئیكۆنۆمیست ئینتلجانس" بۆ توێژینەوە و شیكردنەوە كە سەر بە گرووپی "زە ئیكۆنۆمیست"ـی بەریتانییە، ئەنجامی ریزبەندیی وڵاتانی لەسەر بنەما دیموكراسییەكان راگەیاند.

هەڵبژاردن، فرەیی، هۆشیاری سیاسی و ئازادییە شارستانییەكان، لەو بنەمایانەن كە پێوەرن بۆ دەستنیشانكردنی ئاستی دیموكراسی هەر وڵاتێك.

هەڵبژاردن و فرەیی، هۆشیاری سیاسی و ئازادییەكان لە دیارترین پێوەرەكانن


بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی ناوەندەكە بێت، ئەوا عێراق لە كۆی 167 وڵاتدا، ریزبەندی و پۆلینی لە پلەی 118ی ناوەندەكە دێت، تونسیش ریزبەندی یەكەمی وڵاتانی عەرەبی و 54ـی دنیای گرتووە، دوای ئەویش مەغریب، پاشان جەزائیر، دواتر ئوردن دێت. 
  
  لەسەر ئاستی دنیاش، وڵاتانی ئەسكەندەنافی لە پلەكانی پێشوەی ریزبەندییەكە دێن، نەرویج لە پلەی یەكەم، ئایسلەندا، سوید، نیوزیلەندا، فنلەندا، دانیمارك، كەنەدا، نەمسا و سویسرا لە پلەكانی دووەم تا نۆیەمیان گرتووە.

هەرچی كۆریای باكورە و كۆنگۆی دیموكراتی و كۆماری ئەفریقای ناوەڕاست و سووریا و چاد، پلەكانی كۆتایی ریزبەندییەكەیان گرتووە.

ریزبەندی وڵاتان بۆ دیموكراسی، پشت بە وەڵامدانەوەی 60 پرسیار دەبەستێت، هەر پرسیارێكیش سێ بۆ چوار وەڵام دانراوە. بەپێی ریزبەندییەكە بێت لەو 167 وڵاتە تەنیا 21 وڵات دیموكراتیی تەواویان تێدایە، 68 وڵاتی تریش سیستمە دیموكراسییەكەیان گرفتی تێدایە، 44 وڵاتیش سیستمەكەیان تێكەڵاوییە و هاوكات 68 وڵاتیش سیستمەكەیان دیكتاتۆرییە. 



وشە - فه‌رمان سادق