باڵوێزخانەی ئەمەریكا نووسینێكی وریاكردنەوە هەڵدەواسێت

:: PM:06:56:23/01/2020 ‌

پێش خۆپێشاندانە ملیۆنییەكەی سەدرییەكان و گرووپەكانی سەر بە ئێران لە بەغدای پایەتەخت كە بڕیارە سبەی بەڕێوە بچێت، باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا لەسەر دەرەوازەكانی نووسراوێكی وریاكردنەوەی هەڵواسیوە كە ئەوەی لەو خاڵە تێپەڕ بێت، رووبەڕووی رێوشوێنی توند دەبێتەوە.
مەترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی مانگی رابردوو هەیە
لە 31ی كانوونی یەكەمی 2019 گرووپەكانی حەشدی شەعبی دوای بۆردمانی ئاسمانی ئەمەریكا بۆ پێنج بارەگای حزبوڵای عێراق بەهۆی مووشەكبارانی سەربازگەی k1 لە كەركووك و كوشتن و برینداركردنی زیاتر لە 80 كەس، هەڵیان كوتایە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە ناوچەی سەوز و دۆخەكە بەوە كۆتایی هات ئەمەریكا هەریەك لە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی كوشت.

ئەمڕۆ باڵوێزخانەی ئەمەریكا وەك وریاكردنەوە و خۆسازدان بۆ هەر ئەگەرێك لەسەر دەروازەكانی نووسراوێكی هەڵواسیوە بەوەی "وریا بە و ئەو خاڵە تێپەڕ مەكە، چونكە ئەگەر هەوڵ بدەیت، رێوشوێنی توندت بەرانبەر وەردەگیرێت"، بەوەش رەنگە باڵوێزخانەكە بیەوێ وریایی لە دووبارەكردنەوەی سیناریۆی هێرشكردنە سەری لە كۆتای مانگی رابردوو بدات.

بەم دوایە موقتەدا سەدر لە ئێرانەوە بانگەشەی سازكردنی خۆپێشاندانێكی ملیۆن كەسی لەدژی بوونی ئەمەریكا لە عێراق كرد و گرووپەكانی حەشدی شەعبی پاڵپشتیان لێی كرد و بڕیارە سبەی هەینی لە بەغدا ساز بكرێت، بەڵام بەهۆی بەشداری ئەوانەوە، مەترسی هەیە دەمارگرتنی ئەمەریكا یان خۆپێشاندەرانی تەحریر بكرێت. 

جیا لە بوونی 6-10 هەزار سەربازی ئەمەریكی لە عێراق كە لە چەند بنكەیەكی سەربازی لە ناوچە جیاجیاكان دابەش بوونە، دوای هێرشەكەی سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا، واشنتن سەتان مارێنزی هێنایە باڵوێزخانەكەی بۆ پاراستنی و كارەكانی وەستاند و ژمارەیەك لە كارمەندەكانی بۆ هەولێر گواستەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل