زیانی خواردنی نیمچە کوڵاو

:: PM:10:06:23/01/2020 ‌

نەك تەنیا گۆشت، زۆربەی خۆراكەكان بە گشتی، هەرگیز نابێ بە خاوی بخورێن، تەنانەت بە نیمچە كوڵاویش خراپە، توێژەران هەمیشە دووپاتی لەسەر دەكەنەوە.

ئەو خواردنانەی كە نابێ بە خاوی بخورێن ئەمانەن: گۆشت، پاقلەمەنییە وشككراوەكان، دانەوێڵە، هێلكە. 

ژەهراوین و دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئاسن

بەروبوومە پاقلەمەنییە وشكەكان بەخاوی مادەیەكیان تێدایە كە بە بڕی زیاد ژەهراوییە بۆ مرۆڤ، بە تایبەتی فاسۆڵیای سوور. رێژەی ئەم مادەیە لە فاسۆڵیای سووری خاو دەگاتە 20،000 – 70،000 یەكە، كەچی پاش كوڵاندن ئەم رێژەیەی كەم دەبێتەوە بۆ 400-200 یەكە. هەروەها فاسۆڵیای سپی، پاقلە، پاقلەی سۆیاش رێژەیەكی كەمی ئەم مادەیە لەخۆ دەگرن.
 
ترشی فایتیك بەشێوەیەكی سروشتی لە دانەوێڵەی خاودا هەیە و دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی رێژەی كانزای ئاسن و كانزای زینك (تۆتیا)، بە كوڵاندنی دانەوێڵە رێژەی ترشی فایتیك تا پتر لە 50% دادەبەزێت. گەلێك مادە لە هێلكەی خاودا دەبنە هۆی كەمبوونەوەی بەهای خۆراكی هێلكە، بۆ نموونە پرۆتینی كۆنالبومین لەگەڵ كانزای ئاسندا یەك دەگرێت و لەش ناتوانێت سوودی لێ وەربگرێت، پرۆتینی ئەڤیدین Avidin لەگەڵ بایۆتیندا Biotin كە سەر بە كۆمەڵەی ڤیتامین B یـە، یەك دەگرێت و رێگە لە هەڵمژینی دەگرێت لە كۆئەندامی هەرسدا، بە كوڵاندن یان برژاندنێكی باشی هێلكە ئەم پرۆتینانە دەگۆڕێن و ئەم زیانانەیان نامێنێت. 

هەروەها بە كوڵاندن یان برژاندنی هێلكە، سەلامەتی تەندروستی زیاتر مسۆگەر دەبێت.



وشە - كوردۆ شابان