له خۆپێشاندانه ملیۆنییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی به‌غدا كه له‌سه‌ر داوای موقته‌دا سه‌در ساز كرا، ژماره‌یه‌كی بێسنووری خه‌ڵك تێیدا به‌شداربوون، به‌ڵام چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاشكرای ده‌كه‌ن، كه ته‌واوی میلیشیاكان ئاگادار كرابوونه‌وه، تا له شاره‌كانی تری عێراق بگه‌ڕێنه‌وه به‌غدا و به جلی مه‌ده‌نی به‌شداری خۆپێشاندانه‌كه بكه‌ن.
عه‌لی هاشمی گوته‌بێژی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له شارۆكه‌ی خورماتووی داگیركراو به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، چوون و به‌شداریمان له خۆپێشاندانه‌كه‌ی به‌غدا بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق و ده‌ركردنی هێزه داگیركه‌ره‌كان ئه‌ركێكی نیشتمانییه و پێی هه‌ستاوین و به هه‌موو توانامانه‌وه پشتیوانیمان كرد و به‌شداربووین تێیدا.
هاوكات ئه‌رسه‌لان عه‌لی به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌وباره‌وه بۆ "وشه" گوتی، له ڕۆژی پێنجشه‌مه‌وه، میلیشاكانی شیعه له خورماتوو چه‌كدار و لایه‌نگرانی خۆیان ئاگه‌داركرده‌وه كه بۆ به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له به‌غدا بن و به‌شداری خۆپێشاندانه‌كه‌ی دژ به هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن.
ته‌واوی میلیشیاكان له شاره‌كانی تری عێراقه‌وه فه‌رمانیان پێكراوه به جلی مه‌ده‌نی بچنه به‌غدا و به‌شداری خۆپێشاندانه‌كه بكه‌ن
زیاتر گوتی، به‌وهۆیه‌وه ڕێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆری چه‌كداره‌كانی ڕیزی ئه‌و میلیشیایانه خورماتوویان جێهێشت و گه‌ڕانه‌وه به‌غدا و ته‌نیا پاسه‌وانی باره‌گاكانیان مانه‌وه و ئه‌وانه‌ی تر سه‌رجه‌میان ڕۆیشتن، ئامانجیش له‌و كاره‌یان ئه‌وه بوو، تا خۆپێشاندانه‌كه قه‌باره‌كه‌ی گه‌وره‌تر و فره‌وانتر بێ و كاریگه‌ری زۆرتر بێت.
جێی باسه به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌سه‌ر داوای موقته‌دا سه‌دری ڕێبه‌ری هاوپه‌یمانی سائیروون خۆپێشاندانی ملیۆنی له به‌غدای پایته‌ختی عێراق ساز كرا و داواكاری سه‌ره‌كی خۆپێشاندانهكهیش ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوو له عێراق، به‌ڵام وه‌ك زانیارییه‌كان ئاماژه‌ی پێ ده‌كه‌ن، به‌شی هه‌ره زۆری خۆپێشانده‌رانی ناو خۆپێشاندانه‌كه خودی میلیشیاكانی شیعه بوون.
میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له 2014 به فتوایه‌كی عه‌لی سیستانی دروستكراون و له 62 گرووپی جیا جیا پێكهاتوون و به گوێره‌ی خه‌مڵاندنه‌كان ژماره‌یان زیاتر له 100 هه‌زار چه‌كدار ده‌بێ و به‌شی هه‌ره زۆریان به جێبه‌جێكاری سیاسه‌تی ئێران له عێراق تۆمه‌تبار ده‌كرێن و پێشتریش ڕۆڵی سه‌ره‌كییان بینی له هه‌ڵكوتانه سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا و به‌شێك له سه‌ركرده‌كه‌ی ئه‌و گرووپه میلیشیایانه‌یش ناویان خراوه‌ته ناو لیستی تیرۆری ئه‌مه‌ریكاوه.
گه‌رمیان/سه‌بری هۆرینی.