لەبارەی گرانبوون و كەمبوونەوەی غاز ڕوونكردنەوە دەدرێت

:: PM:01:07:25/01/2020 ‌
بەڕێوەبەری دابەشكردنی غازی هەولێر ئاشكرای دەكات، هیچ كەمبوونەوەیەك لە دابەشكردنی غاز نییە و بوتڵی غاز بە حەوت هەزار و 500 دینارە.

ئەمڕۆ شەموو 25ـی كانوونی دووەم، بەختیار پشدەری بەڕێوەبەری دابەشكردنی غازی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە هەولێر هیچ كێشەیەك لە دابەشكردن و هاتنی غاز نییە و نرخەكەشەی وەك خۆیەتی.

بەڕێوەبەری دابەشكردنی غازی هەولێر گوتی، بۆ هەر بوتڵێك بڕی حەوت هەزار و 500 دینار دیاری كراوە كە پێویستە بریكارەكان بەو نرخە بیفرۆشن، هەروەها لە دوكانەكان پێویستە هەر بوتڵێك بە هەشت هەزار دینار بفرۆشرێت و هەر شوێنێك سەرپێچی بكات، سزا دەدرێت.

هەر كەسێك سەرپیچی بكات سزا دەدرێت
ئاشكرای كرد، لیژنەكانی قایمقامییەت بە وردی چاودێری بازاڕ دەكەن بۆ نرخەكان و بە هەولێردا بڵاو بوونەتەوە، هەر كەسێك سەرپیچی بكات سزا دەدرێت.

"ئەوەی دەگوترێ غاز گران بووە، تەنیا غازی بازرگانییە و نرخەكەیان زیادی كردووە، ئەوەیش پێوەندیی بە غازی حكوومی نییە و بە هەمان نرخی پێشوو دەفرۆشرێت و دەبێت بریكارەكان پێیەوە پابەند بن". بەڕێوەبەری غازی هەولێر وای گوت.

ماوەی چوار ڕۆژە نرخی غاز لە هەولێر بەرز بووەتەوە و بوتڵێكی غاز نرخەكەی گەیشتە 12 هەزار دینار، ئەوەیش هاووڵاتییانی نیگەران كردووە.



وشە - رامیار جەواد