نەتەوە یەكگرتووەكان: 800 ملیۆن نەخوێندەوار لە دنیا هەن

:: PM:03:03:25/01/2020 ‌
هاوكاتی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخوێندەواری، بەپێی ئامارەكان 260 ملیۆن منداڵ نەخراونەتەبەر خوێندن. هاوكات نەتەوە یەكگرتووەكان رای دەگەیەنێت كە "800 ملیۆن نەوجەوان نەخوێندەوارن، بەڵام ئامانجمان ئەوەیە تا 2030 نەخوێندەوار لە دنیا نەهێڵین".

ئەمڕۆ شەموو 25ی كانوونی دووەم، لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخوێندەواریدا، نەتەوە یەكگرتووەكان ئامانجی خۆی راگەیاند كە تا ساڵی 2030 نەخوێندەواری لە دنیا نەهێڵێت. ئەوەش دەخاتە ڕوو كە هەوڵ دەدەن لە رێی رێكخراوەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە گەرەنتی دابینكردنی خوێندنێكی گشتگیر و باش بۆ هەمووان دابین بكەین.

ئامینە محەمەد جێگری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئاماژەی بەوە داوە كە 258 ملیۆن منداڵی خوار تەمەن حەوت ساڵ نەخراونەتەبەر  خوێندن، تەنیا 49%ـی ئەوانەیشی دەخرێنە بەر خوێندن، قۆناغەكانی خوێندن تەواو دەكەن و ئەوانیتر تا ناوەندی دەخوێنن و پاشان واز دێنن. 

بەهۆی شەڕەوە 75 ملیۆن منداڵ لە خوێندن دابڕاون


بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، 770 ملیۆن نەوجەوان خوێندەوارییان نییە كە بەشی هەرە زۆریان ژنن. ئەوەیشی كە نەتەوە یەكگرتووەكانی زۆر نیگەران كردووە ئەوەیە، "ئەوانەیشی دەچنە بەر خوێندن لە گەنج و نەوجەوان، هیچ فێر نابن". 

24ـی كانوونی دووەمی هەموو ساڵێك لای نەتەوە یەكگرتووەكان وەك ساڵوەگەڕی بەرەنگاربوونەوەی نەخوێندەواری دیاری كراوە. لەم رۆژەدا نەتەوە یەكگرتووەكان راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر دۆخی خوێندن و فێركردن لە سەرانسەری دنیا رادەگەیەنێت، تێیدا دەستنیشانی خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەكانی سیستمی خوێندن دەكات و ئاماری خوێندەواری و نەخوێندەواری بڵاو دەكاتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا راسپاردە و بەرنامە و پلان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخوێندەواری دادەنێت.

گۆردون براون نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری خوێندن و سەرۆك وەزیرانی پێشتری بەریتانیا، شۆك گرتوویەتی كاتێك ئاماری ئەوەی پێ گەیشتووە كە 400 ملیۆن منداڵ لە تەمەنی 11 تا 13 ساڵی واز لە خوێندن دێنن و 800 ملیۆن منداڵ لە سیستمی خوێندن دادەبڕێن، بێ ئەوەی هیچ بڕوانامەیەكیان هەبێت. 

براون دەڵێ، "ئەوەی زیاتر دۆخەكەی مەترسیدار كردووە، ئەوەیە 75 ملیۆن منداڵ لە وڵاتانی تەنگژەداردا ناتوانن بخوێنن، بەهۆی ئەو دۆخەی وڵاتەكانیان تێی كەوتوون، لەوانەیش پەككەوتنی سیستمی خوێندن". 



وشە - فه‌رمان سادق