ئێران بەڵێنی پۆستی سەرۆك وەزیران بە سەدر دەدات بەو مەرجەی خۆپێشاندان رابگرێت

:: PM:04:42:25/01/2020 ‌
دوای زیاتر لە 100 رۆژ، تویتێكی سەدر خەریكە كۆتایی بە خۆپێشاندان دەهێنێت و هێز دەداتە هێزە لایەنە چەكدارەكان "بە لوولەی تفەنگ گۆڕەپانەكان بە خۆپێشاندەران چۆڵ بكەن". چالاكێكی مەدەنی ئاشكرای دەكات كە ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ سەدر هەڵكردووە لە بەرانبەر كۆتاهێنان بە خۆپێشاندان، پۆستی سەرۆك وەزیرانیان پێ بدرێت".

دوای تویتەكەی دوێنێ هەینی، جەماوەری رەوتی سەدر لەسەر داوای رێبەرەكەیان لە گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان كشانەوە، بەڵام ئەمڕۆ شەموو 25ی كانوونی دووەم، هێزە تەناهییەكان بە لوولەی تفەنگ هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی گۆڕەپانەكان و كۆتاهێنان بە خۆپێشاندانیان دەست پێ كرد.

حاكم زاملی سەركردە لە رەوتی سەدر، ئەوە رادەگەیەنێت كە پاش تویتەكەی سەدر، جەماوەری رەوتەكە لە گۆڕەپانەكان كشانەوە، بەهۆی نیگەرانیی موقتەدا سەدر لە بەشێك لە خۆپێشاندەران و شكستی رەوتەكە لە رێكخستنی خۆپێشاندانی ملیۆنی.

سەرۆكایەتی كۆمار بۆ خۆپێشاندەران: ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ سەدر هەڵكردووە بۆ كۆتایی هێنان بە خۆپێشاندانەكان


بەڵام خەتاب تەمیمی چالاكی مەدەنی لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا، بە"وشە"ـی راگەیاند، بەپێی هەموو پێوەرەكان خۆپێشاندانی دوێنێ هەینی ملیۆنی نەبوو، شەقامەكەیش 43 كیلۆمەتر نەبوو، بەڵكو لە شەقامێكی كیلۆمەتر و نیویدا ناتوانرێ ملیۆنێك كەس كۆ بكرێنەوە، واتە ژمارەكە نزیكەی 300 هەزار كەس دەبوو.

دوای پەیامەكەی سەدر، شەوی رابردوو هێزە تەناهییەكان هێرشیان كردە سەر گۆڕەپانی خۆپێشاندانی بەسرە و بەهێز پێیان چۆڵ كردن و بەشێك لە چالاكانی خۆپێشاندانیان گرت. هاوكات ئەمڕۆ شەموو هێرشیان كردە سەر خۆپێشاندەرانی رێی سەرەكی قاسم محەمەد، دواتر گۆڕەپانی خەلانی و تەیەڕان كۆنتڕۆڵ كرا، ئێستە بەرەو گۆڕەپانی تەحریر دێن و گەمارۆیان داوە و دەیانەوێت ئەمشەو كۆنتڕۆڵی بكەن.

لەبارەی پێوەندی پەیامەكەی سەدر و هێرشی هێزە تەناهییەكان بۆ سەر گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان، خەتاب تەمیمی زیاتر دەڵێ، "هەڵمەتێكی گەورەیان لە سۆشیال میدیا دژ بە خۆپێشاندەران دەست پێ كردووە، تەنانەت ئێستە ئەوان خۆیان هێرش دەكەنە سەر گۆڕەپانەكان و هەوڵی كۆتاهێنان بە خۆپێشاندان دەدەن".

تەمیمی بۆ "وشە" ئاشكرای دەكات، دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك كۆمار، چوار رۆژ پێش ئێستە لە سەرۆكایەتیی كۆمار پێیان راگەیاندوون كە موقتەدا سەدر لەلایەن ئێرانەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكراوە بەرانبەر بە دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانێك لە رەوتی سەدر كۆتایی بە خۆپێشاندان بێنێ.

"چەند هەفتەیەكە ئەو بەڵێنەیان پێ دراوە، بە كشانەوەیشیان سەلماندیان ئەوان بەرژەوەندخوازن نەك نیشتمانخواز، ئەوان بەدوای بەرژەوەندییەكانیان كەوتوون نەك خۆیان بە خاوەنی پرسگەلێك بزانن" تەمیمی وای گوت.

بە قسەی خەتاب تەمیمی بێت، لایەنگرانی سەدرییەكان لە خۆپێشاندانەكانی 116 رۆژی رابردوو، نزیكەی 300 شەهیدیان داوە و ژمارەیەكی زۆریش برینداریان هەبووە.

تەمیمی هەڵوێست و پاشەكشە و پشتكردنە خۆپێشاندانەكان بە غوبار دەچوێنێ كە هەر رۆژە با بە ئاراستەیەك دەیبات. ئەوەیشی گوت "دەركەوت موقتەدا سەدر كەسایەتییەكی نیشتمانی نییە، بەڵكو بەرژەوەندخوازە و بەدوای پۆست و پلەوەیە، ئەمەیش وایكردووە رۆژێك پشتگیریمان بكات و رۆژێك پشتمان تێ بكات، بەڵام پاش كوژرانی قاسم سلێمانی، رۆژ دوای رۆژ ماسكی سەر رووی سەدر ئاشكرا دەبێت".



وشە - فه‌رمان سادق