لێپرسینەوە لەگەڵ ترەمپ دەستی پێ كرد

:: PM:08:39:25/01/2020 ‌

دواجار یەكەم دانیشتنی دۆسیەی لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە ئەنجوومەنی پیران دەستی پێ كرد، تیمی پارێزەرانی سەرۆك بۆ ماوەی سێ رۆژ دەچنە ئەنجوومەنی پیران بۆ بەرگریكردن لە سەرۆك. زۆرینەی كۆمارییەكانی ئەنجوومەنەكەیش كۆكن لەسەر ئەوەی رەوشتی ترەمپ هی ئەوە نییە بەهۆیەوە لە پۆستەكەی دوور بخرێتەوە.


ئەمڕۆ شەموو 25ی كانوونی دووەم، تیمی پارێزەرانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ بەرگریكردن لە سەرۆك چوونە بەردەم ئەنجوومەنی پیران كە دۆسیەی لێپرسینەوە لەسەر ترەمپ لە پرسی پێوەندیی ئۆكرانیا و جۆ بایدن كراوەتەوە و دیموكراتەكان هەوڵی دوورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆك كۆماری دەدەن.

بۆ ماوەی سێ رۆژ و لە دانیشتنێكی كورتدا، پارێزەرانی ترەمپ دەست دەكەن بە بەرگریكردن لە سەرۆكی ئەمەریكا وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ دیموكراتەكان كە داوای دوورخستنەوەی سەرۆك لە پۆستەكەی دەكەن بەهۆی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی، بەتایبەت لە دۆسیەی جۆ بایدن جێگری پێشتری سەرۆكی ئەمەریكا و كاندیدی دیموكراتەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەمساڵ. 

لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ تا هەفتەی یەكەمی مانگی داهاتوو دەخایەنێت


دیموكراتەكان، دۆناڵد ترەمپ بەوەش تۆمەتبار دەكەن كە دەسەڵاتەكانی دووبارە بەخراپ بەكارهێناوە بۆ پەردەپۆشكردنی هەوڵدان بۆ ناوزڕاندنی جۆ بایدن و تێوەگلانی لە دۆسیەی ئۆكرانیا. 

 دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا تەواوی تۆمەتەكانی دیموكراتەكان رەت دەكاتەوە و دەڵێ، هیچ هەڵەیەكم نەكردووە، هاوكات كۆمارییەكانی ئەنجوومەنی پیران دەڵێن، رەوشتی ترەمپ ئەوە ناهێنێ بەهۆیەوە تۆمەتبار بكرێت، لە دەستووریشدا ئەوە پاساو نییە بۆ دوورخستنەوەی سەرۆك. 

بەهۆی زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجوومەنی پیران، زۆر زەحمەتە دیموكراتەكان سەركەوتوو بن لە دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە پۆستی سەرۆكی ئەمەریكا، ئەگەری زۆرە دۆناڵد ترەمپ نەبێتە سێیەم سەرۆكی ئەمەریكا كە لە پۆستەكەی دوور دەخرێتەوە.

چاوەڕوان دەكرێت دانیشتنەكانی دۆسیەی لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا تا سەرەتای هەفتەی یەكەمی مانگی شوباتی داهاتوو بخایەنێت، ئەنجوومەنی پیرانیش بە دەنگدان كۆتایی بەو دۆسیەیە بێنێت.


وشە - فه‌رمان سادق