له سه‌نته‌ری شارۆكه‌ی سۆران و ده‌وروبه‌ری، له ماوه‌ی 12 مانگی ساڵی ڕابردوودا 49 ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان گڕیان گرتووه و سووتاون، لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانیش ئه‌م حاڵه‌ته به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره ناو ده‌به‌ن.
ڕووداوه‌كانی تایبه‌ت به سووتان و گڕگرتنی ئۆتۆمبێل به به‌راورد له‌گه‌ڵ چه‌ند ساڵی ڕابردوو، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له سنووری سۆران زیادی كردووه، به‌پێی ئامارێك كه ده‌ست "وشه" كه‌وتووه، له ساڵی 2019 به ڕووداوی جۆراوجۆر 49 ئۆتۆمبێلی مۆدێل جیاواز سووتاون و زیانی مادی زۆریان به‌ركه‌وتووه، هه‌روه‌ها چه‌ندان حاڵه‌تی مردنیشی تێدا بووه.
تیمه‌كانی بەرگریی شارستانی درێغییان له كۆنتڕۆڵی ئاگره‌كان نه‌كردووه
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 26ــی كانوونی دووه‌م، عیماد ڕێكانی عه‌میدی ماف و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رگریی شارستانیی سۆران، له‌باره‌ی ئه‌و حاڵه‌تی سووتانی ئۆتۆمبێله به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، تیمه‌كانی سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مان درێغییان له كۆنتڕۆڵی ئاگره‌كان نه‌كردووه، به‌ڵام كاتێك ئۆتۆمبێلێك گڕ ده‌گرێت، به‌هۆی پێكهاته‌ی ئۆتۆمبێل و هه‌بوونی به‌نزین له ناو تانكه‌كه‌یدا، ناتوانرێت وه‌ك پێویست فریای ڕزگاركردنی بكه‌وین، بۆیه هه‌میشه له‌و ڕووداوانه‌دا ڕێژه‌ی زۆری سووتانی ئۆتۆمبێله‌كانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
ڕوونی كرده‌وه، ئه‌و ژماره زۆره‌ی سووتانی ئۆتۆمبێل له ساڵی ڕابردوودا، له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی میری و به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و ڕێگه‌وبان، وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانی تر جێی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه، بۆیه ئه‌م پرسه به پرسێكی گرنگ و مه‌ترسیدار ده‌بینین.
له‌باره‌ی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێن بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ماڵ، دوكان و ئۆتۆمبێلیان لێ ده‌سووتێ، عیماد ڕێكانی گوتی، ته‌نیا پێش ته‌نگژه‌ی دارایی نووسراومان به مه‌به‌ستی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی دارایی بۆ زیانمه‌ندان بۆ قایمقامییه‌ت دواتر بۆ پارێزگا به‌رز ده‌كرده‌وه.
زیاتر گوتی: ئه‌وان به‌پێی توانا له ڕێی خۆیان یان ڕێكخراوه‌كانی خێرخوازی هاوكارییان پێشكه‌ش به‌و كه‌سانه ده‌كرد، به‌ڵام پاش دروستبوونی ته‌نگژه، به فه‌رمی ئاگه‌دار كراینه‌وه كه هیچ داواكاری قه‌ره‌بوویان بۆ به‌رز نه‌كه‌ینه‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رگریی شارستانیی سۆران هۆ ڕووداوەکانی بۆ ئه‌م خاڵانه گه‌ڕانده‌وه:
_ خراپیی به‌نزین و تێكچوونی فیول په‌مپ.
_ ئاگادارنه‌بوونی شۆفێران له توندنه‌بوونی ئاریشه‌كانی ئۆتۆمبێل و خراپیی بزوێنه‌ره‌كان.
_ دروستبوونی شۆرتی كاره‌بایی، دزه‌كردن و زیاد و كه‌می له هێزه‌كانی پاتری و ده‌ستكاریكردنیان به‌شێوه‌ی ناته‌ندروست.
_سه‌رپێچیكردنی شۆفێران له یاساكانی هاتوچۆ، هه‌ندێك كات به‌هۆی تیژڕۆییه‌وه ئۆتۆمبێله‌كانیان وه‌رده‌گه‌ڕێ و دواتر ئاگر ده‌گرن.
_هه‌ڵنه‌گرتنی ئامێره‌كانی كۆنترۆڵكاریی وه‌ك ئامێره‌كانی بوتڵی ده‌ستی دژه ئاگره‌كان.
_ گۆڕانی باروودۆخی ژینگه‌یی و پله‌ی گه‌رمای وه‌رزی هاوین.
***
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست" وشه" كه‌وتوون، جیا له سووتانی ئۆتۆمبێل، هاوكات له ساڵی 2019ــدا، 597 ڕووداوی جۆراوجۆری ئاگركه‌وتنه‌وه له چوار شارۆكه‌كه‌ی ده‌ڤه‌ری سۆران كه سنووری 17 بنكه‌ی به‌رگری شارستانی له‌خۆ ده‌گرێت تۆمار كراون.
سۆران له ڕووی كارگێڕییه‌وه سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێره و ناوه‌ندی هه‌رسێ شارۆكه‌ی چۆمان، ڕواندز و مێرگه‌سۆریشه، ژماره‌ی دانیشتووانی گه‌یشتووه‌ته 300 هه‌زار كه‌س.
سۆران/ موڕشید برادۆستی