لە مەرزی پەروێزخان كەسانی نەناسراو تایەی ئۆتۆمبێل كون دەكەن

:: PM:10:39:26/01/2020 ‌

لە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە سنووری نێوان ئیدارەی گەرمیان و ئێران، كەسانی نەناسراو تایەی كۆمەڵێك ئۆتۆمبێل دەتەقێنن و تا ئێستە كەس بەوهۆیەوە نەگیراوە، راگەیاندنی مەرزەكەیش ئەو زانیارییانە پشتڕاست دەكاتەوە دەڵێ سكاڵا نەكراوە.
بابەتەكە بەهەڵواسراوەی ماوەتەوە
ئاسۆ ئەحمەد وەك شایەتحاڵێك بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، كەسانی نەناسراو كە نەبینراوە كێن، تایەی ئۆتۆمبێلی بچووكی نێو مەرزەكە دەتەقێنن، حاڵەتەكەیش زیاتر لەجارێك دووبارە بووەتەوە.

بازرگانێك كە تایەی ئۆتۆمبێلەكەی تەقێنراوە و نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە ئەمڕۆ یەكشەم 26ی كانوونی دووەم بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ئۆتۆمبێلی بازرگانان تووشی ئەو حاڵەتە هاتوون و ئەو ئۆتۆمبێلانەی تر بارهەڵگرن تایەیان نەتەقێنراوە، دووپاتی كردەوە كە كەس نەگیراوە و ئامانجی كارەكەیش روون نییە كە بۆچی ئەو كارە بەرانبەریان كراوە.

بۆ بەدواداچوونی ئەو كێشە، "وشە" پێوەندی بە دەروازەی پەروێزخانەوە و كرد، بەڵام ئەوان وەڵامیان نەبوو، هاوكات موقەدەم عەلی جەمال، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئەو هەواڵەی رەت نەكردەوە، بەڵام پێی باش نەبوو لەبری مەرزەكە لەو بارەوە قسە بكات .

بەپێی گوتەی شۆفێران ئەو حاڵەتە وای كردووە ئەوان بە وریاییەوە مامەڵە بكەن و لە ئۆتۆمبێلەكانیان دوور نەكەونەوە، "وشە" پێوەندی بە ئارام حەسەن لە راگەیاندنی مەرزی پەروێزخان كرد و ئەویش رای گەیاند كە ئەو بابەتە هەبووە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو كەسانەی زیان بە ئۆتۆمبێلەكانیان گەیشتووە بەهەر هۆكارێك بێ سكڵایان نەكردووە، بۆیە بابەتەكە بەهەڵواسراوەی ماوەتەوە .

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل