ئاژانسێك: ئەمەریكا 20 هەزار سەربازی زیاتری هێناوەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

:: PM:10:47:26/01/2020 ‌

هاوكات لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییەكانی لە كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەریكا بەردەوامە لە هێنانی هێزە سەربازییەكانی بۆ ناوچەكە، ئاژانسێكی ئەمەریكی دووپاتی دەكاتەوە كە لە ماوەی هەشت مانگدا ئەمەریكا 20 هەزار سەربازی تری هێناوەتە ئەو ناوچە.
ئەمەریكا چنگی لە ناوچەكە توندتر دەكات
دوای هاتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ دەسەڵات یەكێك لە هەنگاوە گەورەكانی هاوێشتی پاشەكشەكردنی ئەمەریكا بوو لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كە لە 2015 هاتە واژووكردن و دوای ئەوە سزاكانی بۆ سەر تاران توندتر كرد و چەند جارێك ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەرباز رووی دا و ئەمەریكا لەوساتەوە هێزی زیاتر بۆ ناوچەكە رەوانە دەكات.

وەك ئاژانسی "ئەسیۆشێتید پرێس"ی ئەمەریكی باسی كردووە، جەنەراڵ فرانك مەكنزی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گردبوونەوەیەكی هێزەكانی مارێنزی ئەمەریكی گوتوویەتی، ئەگەری هەیە هێزەكانی ئەمەریكا ماوەیەكی دوورودرێژ لە ناوچەكە بمێننەوە، دڵنیا نیم لەو ماوەیە، بەڵام ماویەكی دروورودرێژە.

بەپێی ئەو ژمارانەی ئاژانسەكە بڵاوی كردووەتەوە، نزیكەی 13 هەزار سەربازی ئەمەریكی لە بەحرێن هەن و 16 هەزاریش لە كوێت و 13 هەزاریش لە ئەفغانستان و 13ی تر لە قەتەڕ و شەش هەزار لە عێراق و پێنج هەزار لە ئیمارات و شەش هەزار لەسەر فڕۆكەهەڵگری هاری تروومان و چوار هەزار لە دەریای سوور و سێ هەزار لە ئوردن و سێ هەزار لە سعوودیە و 700 لە سووریا و 600 لە عومان و بەوەش كۆی ژمارەی سەربازانی ئەمەریكا لە ناوچەكە دەكاتە نزیكەی 80 هەزار، راپۆرتەكە ئاماژەی كرد كە ئەو زیادبوونە هاوكاتە لەگەڵ قسەكانی ترەمپ بۆ كشانەوەی هێزەكانی لە ناوچەكە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل