داواكاری گشتیی بەریتانی: لە گرێبەستەكانی نەوتدا ملیۆنان دۆلار بەرتیل بە بەرپرسانی عێراق دراوە

:: AM:10:17:27/01/2020 ‌
داواكاری گشتیی بەریتانی ئاشكرای دەكات، كۆمپانیاكانی نەوت ملیۆنان دۆلاریان وەك بەرتیل بە بەرپرسانی عێراقی داوە بۆ بردنەوە و یاریكردن بە گرێبەستەكان. دادگای بەریتانی لە دۆسیەی گەندەڵی كۆمپانیای ئۆنائۆیل، سێ بەرپرسی كۆمپانیاكە تۆمەتبار دەكات بە پێدانی ملیۆنان دۆلار بەرتیل لە نێوان ساڵانی 2005 تا 2011.

ئاژانسی بلومبێرگی ئەمەریكی لە راپۆرتێكیدا لەبارەی دۆسیەی گەندەڵیی بەرپرسانی كۆمپانیای ئۆنائۆیل ئاشكرای دەكات، دوو بەڕێوەبەری جێبەجێكار و بەڕێوەبەری فرۆشتن لە كۆمپانیاكە، لە ساڵانی 2005 تا 2011 ملیۆنان دۆلاریان وەك بەرتیل بە بەرپرسانی عێراقی داوە بۆ بردنەوەی گرێبەستەكانی نەوت.

دۆسیەی گەندەڵیی كۆمپانیای ئۆنائۆیل بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە و تا ئێستە ئەو دۆسیەیە لە دادگای تایبەتمەندی بەریتانییە، پەنجەی تۆمەتیش بۆ ستیڤن وایتلی و پۆڵ بۆند و زیاد عەقیل درێژ كراوە كە بەرتیلیان بە بەپرسانی عێراقی داوە بەرانبەر بردنەوەی گرێبەستەكان، ئەوانیش تۆمەتەكان رەت دەكەنەوە.

بۆ بردنەوەی گرێبەستێكی 800 ملیۆن دۆلاری ئۆنائۆیل شەش ملیۆن دۆلاری بەرتیل داوە


مایكل برۆمبتون نوێنەری داواكاری گشتی لە دۆسیەكەدا دەڵێ، خێزانی ئیحسانی كۆمپانیایەكی راوێژكارییان لە شاری مۆناكۆی فڕەنسی دامەزراندووە لەگەڵ كۆمپانیای "ئێس بی ئێم"ـی هۆڵەندی، بەهاوكاریی كۆمپانیای ئۆنائۆیل گرێبەستیان لەسەر سێ سیستمی نەوتی ناو كەنداوی عەرەبی لەگەڵ عێراق كردووە، ئەمەش پرۆسەیەكی درێژخایەن بووە و یاریی تێدا كراوە.

بەپێی بەدواداچوونی دادگا بێت، ئەوا كۆمپانیای ئۆنائۆیل یارمەتی كۆمپانیای لایتین ئۆفشوری داوە كە كۆمپانیاكە لە سەنگاپوورە تۆمار كراوە، بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ عێراق لەسەر دوو بۆڕیی نەوت بە قەبارەی 48 ئینج و بەستنەوەی بەو سێ سیستمە دەریاییە.

بۆمبتون دەڵێ، بەرپرسانی ئەو كۆمپانیایانە بەرتیلیان بە فەرمانبەرانی كۆمپانیای نەوتی باشوور داوە كە كۆمپانیایەكی عێراقییە و سەرپەرشتی پرۆسەی دەرهێنان و بە بازاڕكردنی نەوت لە باشووری عێراقدا دەكات.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكان بێت، ئەوا كۆمپانیای نەوتی باشوور لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە هاتووەتە راسپاردن بۆ ئەنجامدانی گرێبەستەكە كە زۆرینەی نەوتی عێراق لە بەسرەوە بە بازاڕ دەكرێت. 

برۆمبتون گوتی "تەنیا بەرانبەر وەرگرتنی ئامۆژگاری لە كۆمپانیای نەوتی باشوور، كۆمپانیای ئۆنائۆیل شەش ملیۆن دۆلاریان وەك بەرتیل بە بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق داوە بۆ دڵنیابوون لەوەی گرێبەستەكە بۆ ئەوان دەبێت كە بەهاكەی 800 ملیۆن دۆلارە". 
 
جێی باسە پرسی گەندەڵی لە سێكتەری نەوتی عێراق، یەكێكە لە مژارە هەرە گرنگ و ئاڵۆزەكان كە بەهۆیەوە ساڵانە ملیۆنان دۆلار لە داهاتی گشتی گەندەڵی و بەهەدەردانی تێدا دەكرێت.


وشە - فه‌رمان سادق