تابان جاف كه خه‌ڵك پێی ده‌ڵێن مۆدێلیست و خۆی به مۆدێلیست نازانێ، له ڕۆژهه‌ڵات هاتووه‌ته دنیاوه. ئه‌و كه سێ ساڵه وه‌ك مۆدێلیستی جلوبه‌رگ و ئه‌كته‌ر له بواری رێكلام كار ده‌كات، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ده‌ڵێت، هه‌رچه‌نده تایبه‌تمه‌ندیم له بواره‌كه‌دا زۆر له‌و كه‌سانه زیاتره كه ناویان به مۆدێلیست هاتووه، به‌ڵام حه‌زم بۆی نییه، چونكه بووه‌ته زۆری و بۆری و ڕه‌چاوی مه‌رج و تایبه‌تمه‌ندی ناكرێت.
ده‌ستپێكی كاره‌كه‌ت وه‌ك ئه‌كته‌ر یان مۆدێلیست بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
ساڵی 2017 هاتمه ناو بواره‌كه و ده‌ستم به نواندن له بواری رێكلام كرد، دواتر به‌شداریی چه‌ندان رێكلامم كرد، هه‌روه‌ها جیا له‌وانه، به‌شداریم له نمایشی جلوبه‌رگ كردووه به‌تایبه‌تی جلوبه‌رگی ماركه و براند.
پێت وایه هیچ جیاوازییه‌ك له نێوان ئه‌كته‌ری سینه‌مایی و دراما له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ری بواری رێكلام هه‌بێت؟
بێگومان جیاوازی هه‌یه، ئه‌كته‌ری سینه‌مایی كه‌سێكی ئه‌كادیمی ده‌وێ تا به جوانترین شێوه ڕۆڵی خۆی به‌رجه‌سته بكات، به‌ڵام نواندن له رێكلامدا به‌و جۆره نییه و ته‌نیا ئه‌وه‌ی ده‌وێ نمایش بۆ كاڵایه‌ك بكه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی پێشانی خه‌ڵكی بده‌ی له جوانی و باشی و كوالێتییه‌كه‌ی.
ئێسته نواندن له رێكلامدا وای لێ هاتووه هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ جێبه‌جێی بیكات، واته زۆر له‌وانه‌ی كاری نواندن بۆ رێكلام ده‌كه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ تایبه‌تمه‌ندی و ئه‌زموون و شاره‌زاییه‌كیان هه‌بێـت، ده‌چنه ناو بواره‌كه‌وه.
تا ئێسته له فیلم و دراما به‌شداریت كردووه؟
نه‌خێر به‌شداریم له هیچ فیلم و درامایه‌ك نه‌كردووه، به‌ڵام چه‌ند جارێك داوام لێ كراوه و قبووڵم نه‌كردووه و ئاره‌زووم لێی نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی توانایه‌كی باشم هه‌یه بۆ ئه‌و بواره. بۆ سه‌لماندنی قسه‌كه‌م، ده‌رهێنه‌ری كورد حه‌سه‌ن عه‌لی ئه‌وه‌ی پێ گوتووم كه ئه‌و توانایه‌م هه‌یه، به‌ڵام تا ئێسته بیرم لێی نه‌كردووه‌ته‌وه.
گریمان به‌شداریت كرد، ده‌توانی ڕچه‌شكێن بیت و قبووڵی هه‌ندێك بابه‌تی ڕۆمانسی وه‌ك ماچ و باوه‌ش بكه‌یت؟
نه‌خێر به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نابم به‌شداری ئه‌م جۆره فیلم و درامایانه بكه‌م، ته‌نانه‌ت پشتگیریی له‌و شێوازه‌یش ناكه‌م.
پێم وایه هیچ فیلم و دارامایهك به‌و شێوازه به‌ره‌وپێش ناچێت، ئه‌گه‌ر سه‌یری دراماكانی ئێران بكه‌ین، ده‌بینین جوانترین و به‌هێزترین فیلم و درامات پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستگرتن و شتێكی له‌م جۆره‌ی تێدا بێت كه پێی ده‌گوترێت ڕۆمانسی، گرنگ ئه‌وه‌یه په‌یامێكت هه‌بێ و بیگه‌یه‌نی.
بە خۆم ناڵێم مۆدێلیست
كه‌واته وه‌ك مۆدێلیست ده‌ته‌وێ له داهاتوودا بچیته ناو ئه‌و بواره‌وه؟
هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كی بواری مۆدێلم تێدا هه‌یه، به‌ڵام حه‌ز به‌و بواره ناكه‌م و به‌شداریی چالاكییه‌كانی بواری مۆدێل ناكه‌م، ته‌نیا وه‌ك نمایشكارێك یان وه‌ك ئه‌كته‌ر له رێكلامه‌كان به‌شداری ده‌كه‌م، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی كاری مۆدێل گرنگی و نرخی خۆی له ده‌ست داوه، له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ كه‌سانێكی باش و به ئه‌زموون كه مه‌رج و تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و بواره‌یان تێدایه، بۆیه هه‌ر شتێك ئه‌گه‌ر بووه زۆری و بۆری، حه‌زی تۆ بۆ كاره‌كه ناهێڵن.
پێشتر به‌شداریی هیچ چالاكییه‌كی بواری مۆدێلت كردووه؟
ته‌نیا جارێك به‌شداریم كردووه، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ شاجوانی وڵاتانی عه‌ره‌بی بوو، له‌وه به‌دواوه به‌شداری هیچ چالاكییه‌كی تری ئه‌و بواره‌م نه‌كردووه، ته‌نیا له رێكلام به‌شداریم كردووه، بۆیه به خۆیشم ناڵێم مۆدێلیست، چونكه پیشه‌ی مۆدێلیست له كوردستان بووه‌ته خستنه‌ڕووی جه‌سته.
تا ئێسته نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكاریت ئه‌نجام داوه؟
پێش ئه‌وه‌ی بێمه ناو ئه‌و بواره‌وه، یه‌ك جار نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكاریم ئه‌نجام دا ئه‌ویش بۆ لووتم بوو.
جیا له‌و بواره، ڕۆژانه به چ كارێكی تره‌وه سه‌رقاڵیت؟
ڕۆژانه به كاری كۆمپانیا سه‌رقاڵم و وه‌ك ژمێریار كار ده‌كه‌م.
گه‌وره‌ترین خه‌ونت چی بووه كه تا ئێسته پێی گه‌یشتووی؟
خه‌ونم ئه‌وه‌یه كاری خۆمم هه‌بێ و خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌م، به‌ڵام هێشتا نه‌هاتووه‌ته دی.
وشه/دیمانه‌ی محه‌مه‌د جه‌مال