بە ژمارە.. ئاماری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 12 وڵات

:: AM:11:59:27/01/2020 ‌
رۆژ دوای رۆژ تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە زیادبووندان، ژمارەی قوربانییەكان لە چین گەیشتووەتە 80 كەس و تووشبووانیش لە سێ هەزار كەس نزیك دەبێتەوە.

بەپێ دوا ئامار كە ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی چین رایان گەیاندووە، ژمارەی قوربانییان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتووەتە 80 كەس، دەڵێن ڤایرۆسەكە دەچێتە وڵاتانی تریش.

تا ئێستە زیاتر لە دوو هەزار و 744 كەس وەك تووشبوو بەو ڤایرۆسە لە ناوەندە تەندروستییەكان تۆمار كراون، 769یان لە 24 سەعاتی رابردوو بووە، زۆرینەیان لە شاری ووهانی پایتەختی هەرێمی هوبیەیە كە دەكەوێتە ناوەڕاستی چین. 

كۆرۆنا گەیشتە 12 وڵات و دەسەڵاتدارانی چین ركابەری كات دەكەن بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی


هەوڵەكانی چین بۆ رێگرتن لەو ڤایرۆسە بكوژە بەردەوامی هەیە، بڕیارە لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەك نەخۆشخانەیەكی هەزار قەرەوێڵەیی بۆ تووشبووانی ئەو نەخۆشییە بكاتەوە.

لە دەرەوەی چین، 40 كەسی تریش لە چەند وڵاتێكی تر ئەو ڤایرۆسە بكوژە چووەتە جەستەیان كە بەشی زۆری ئەو كەسانە، ئەو گەشتیارانەن كە 60 رۆژی رابردوودا سەردانی شاری ووهانیان كردووە.

بەگوێرەی ئامارەكان، لە ئەمەریكا پێنج حاڵەت تۆمار كراوە، دووانیان لە باشووری كالیفۆرنیا، یەكیان لە واشنتن، شیكاگۆ و ئەریزۆنان.

لە تایلاند هەشت حاڵەت تۆمار كراوە، ئوسترالیا پێنج حاڵەت، كۆریای باشوو چوار حاڵەت، سەنگاپوورە چوار حاڵەت، فڕەنسا سێ حاڵەت، مالیزیا چوار حاڵەت، تایوان سێ حاڵەت، ڤێتنام دوو حاڵەت، كەنەدا و نیپال هەریەكەیان یەك حاڵەت. 



وشە - فه‌رمان سادق