بە ژمارە.. قوربانیانی 24 سەعاتی رابردووی خۆپێشاندانەكانی عێراق

:: PM:01:50:27/01/2020 ‌
تا دێت خوێنی زیاتر لە خۆپێشاندەران دەڕژێت و بەشێك لەوانەی داوای چاكسازی و دەسەڵاتێكی دادگەر دەكەن، ئاواتەكەیان لەگەڵ خۆیان دەبەنە ژێر گڵ. كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ دەڵێ، لە 24 سەعاتی رابردوو 12 خۆپێشاندەر كوژراون و 230ـی تریش بریندارن.

ئەمڕۆ دووشەم 27ی كانوونی دووەم، لە 24 سەعاتی رابردوودا لە بەغدا و زیقاڕ پارێزگای عێراق، ژمارەی قوربانیانی خۆپێشاندانەكان گەیشتە 12 كەس كە نۆیان لە بەغدایە.
كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان لە ئێوارەی رۆژی شەموو تا شەوی رابردوو، 12 خۆپێشاندەران كوژراون كە نۆیان لە بەغدا و سێیان لە زیقاڕ بووە. 

 كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ ژمارەی بریندارانی 24 سەعاتی رابردوو بە 230 بریندار ناو دەبات كە ئەندامانی هێزە تەناهییەكانیشی تێدایە، بە تەنیا لە بەغدا 118 بریندار، زیقاڕ 78 بریندار، بەسڕە 34 بریندار، هاوكات لە بەغدا و بەسڕەش 89 خۆپێشاندەر گیراون. 

لە 24 سەعاتدا نۆ خۆپێشاندەر لە بەغدا و سێ لە زیقار كوژران


پێوەند بە رووداوەكانی شەوی رابردووی گۆڕەپانی حەبوبی لە باشووری زیقاڕ كە هێزە تەناهییەكان خێوەتی خۆپێشاندەرانیان سووتاند، چوار خۆپێشاندەر كوژران و بریندار بوون. 
 
ئەمڕۆش دووشەم، جارێكی تر لە زیقاڕ و بەغدا و شارەكانی تر، خۆپێشاندانەكان دەستیان پێكردەوە و خۆپێشاندەرانیش تا دێت پێداگیرتر دەبن لەسەر داواكارییەكانیان كە جێهێشتنی دەسەڵاتە لەلایەن ئەوانەی ئێستە دەسەڵاتی شارەكان و دەوڵەتیان لەبەر دەست دایە، بەتایبەتیش داوای كۆتایی هاتن بە دەستوەردانی ئێران لە كاروباری ناوخۆی عێراق دەكەن. 
 
خۆپێشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی باشوور لە یەكی تشرینی یەكەمی 2019 دەستی پێكردووە، سێ رۆژی تر چوار مانگ بەردەوامی دان بە خۆپێشاندان تەواو دەكات. لەم ماوەیەدا بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 500 خۆپێشاندەر بە گوللەی هێزە تەناهییەكان كوژراون و زیاتر لە 25 هەزار خۆپێشاندەر بریندار بوونە. 


وشە - فه‌رمان سادق