هه‌ر كه‌س سووكایه‌تی به وێنه‌كانی قاسم سلێمانی بكات، یان وه‌ك شه‌هید ناوی نه‌هێنێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران دێته گرتن. له ماوه‌ی 10 رۆژی رابردوو دوو رۆژنامه‌نووسی كورد له كرمانشان گیراون كه خاوه‌نی كه‌ناڵی تایبه‌ت به‌خۆیان بوون له ته‌لیگرام.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 27ی كانوونی دووه‌م، له‌سه‌ر ناو نه‌هێنانی قاسم
سلێمانی به شه‌هید، ژنە رۆژنامه‌نووسێكی كورد له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران له شاری پاوه هاته گرتن.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ده‌یانه‌وێت به زۆر نازناوی "شه‌هید" بۆ قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران به‌سه‌ر خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌یان بسه‌پێنن، هه‌ر كه‌سێكیش به سلێمانی نه‌ڵێت شه‌هید ئه‌وا به تۆمه‌تی سووكایه‌تی بۆ قاسم سلێمانی ده‌یگرێت.
وەحیدە فەتاحی دەبێتە سێیەم رۆژنامەنووس لە كرمانشان بە تۆمەتی ناو نەهێنانی سلێمانی بە شەهید دەگیردرێت
به‌گوێره‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی مافناس، به‌شی هه‌واڵگری سوپای پاسداران له ئێران، وەحیدە فه‌تاحی چالاكوان و به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی پاوه 24 له ته‌لیگرام، گرتووه و تۆمه‌تی ئه‌وه‌یان داوه‌ته‌پاڵ كه له‌كاتی قسه‌كردنیدا له كه‌ناڵه‌كه‌ی قاسم سلێمانی به شه‌هید ناو نه‌بردووه.
رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له كه‌سێكی نزیك له فه‌تاحی گواسته‌وه كه هێزێكی سوپای پاسداران هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر ماڵی فه‌تاحی له شاری پاوه كه ده‌كه‌وێته سنووری پارێزگای كرمانشان، به تۆمه‌تی ناو نه‌هێنانی قاسم سلێمانی له كه‌ناڵی /پاوه 24/ كه وه‌حید فه‌تاحی خۆی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵه‌كه‌یه، گرتوویانه.
زیاتر روونی كرده‌وه كه گرتنی فه‌تاحی له‌سه‌ر داوای موسلم ئه‌ڵماسی داواكاری گشتی شاری پاوه بووه، دوای گرتنیشی كه‌ناڵی پاوه 24 كه 12 هه‌زار بینه‌ری هه‌بوو، داخرا.
فه‌تاحی، ده‌بێته دووه‌م رۆژنامه‌نووس كه به هه‌مان تۆمه‌ت له كرمانشان دێته گرتن، پێشتریش مزه‌فه‌ر وه‌له‌دبه‌گی به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ری ئه‌لكترۆنی و كه‌ناڵی ته‌لیگرامی ده‌نگی نوریاو، به هه‌مان تۆمه‌ت گیرا، دوو رۆژ دوای گرتنه‌كه‌ی ئازاد كرا.
تا ئێسته به فه‌رمی حكوومه‌تی ئێران هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌بووه له‌سه‌ر گرتنی خه‌ڵك به‌و تۆمه‌ته، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه پێشتریش له تارانی پایته‌خت گه‌نجێكی ته‌مه‌ن خوار 18 ساڵی گیرا به تۆمه‌تی دڕاندنی وێنه‌ی قاسم سلێمانی.
جێی بیرخستنه‌وه‌یه، قاسم سلێمانی له سێی ئه‌م مانگه‌دا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی سه‌ركرده‌ی تری میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، دوای ده‌رچوونی له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا، له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی ئه‌مریكی هێرشكرایه سه‌ر كاروانی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی و ده‌ستبه‌جێ له‌گه‌ڵ ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس كوژران.