كۆبوونەوەى حزبە سیاسییەكانی كورد لە كەركووك هیچ ئەنجامێكی نەبوو

:: PM:02:54:27/01/2020 ‌
سەرجەم حزبە كوردییەكان لە كەركووك بەمەبەستی وردبوونەوە لە دۆخی تەناهی شارەكە كۆ بوونەوە و داوای ناردنی شاندێك دەكەن بۆ بەغدا بە سەرپەرشتی وەزیرێكی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی كانوونی دووەم، رەوەند مەلا مەحموود جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركووك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی حزبە سیاسییەكانی كەركووك بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو مەترسیەی لە شارەكە هەیە، بەڕێوەچوو.

بڕیارە لیژنەیەك بە سەرپەرشتی خالید شوانی وەزیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان بۆ بەغدا پێكبهێنرێت 
ئەو بەرپرسەی یەكێتی گوتی، لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا باسی كێشە سەرەكییەكانی كەركووكمان كردووە و بڕیارە لیژنەیەك بە سەرپەرشتی خالید شوانی وەزیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان بۆ بەغدا پێكبهێنرێت و ئەو لیژنەیە بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان و شاری كەركووك لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ سەردانی بەغدا بكات.

ڕوونی كردەوە، ئێستە دۆخی كەركووك جیاوازە، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كارەكانیان بەیاسا راگیراوە، لە ئێستەدا لەسەر ئەو پرسە پێویستە لایەنە كوردییەكان دوور لە هەڵدانەوەی برینەكان دابنیشین و چارەسەرێك بۆ ئەو پرسەش بدۆزینەوە.

لەو كۆبوونەوەیە تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان بەشدار نەبوو، ئەوەیش دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 بەشداری هیچ پرسێكی پێوەست بە كەركووك لەناو شاری كەركووك نەكردووە، چونكە شارەكە بە داگیركراو دەزانێت.



وشە - رامیار جەواد