كاتێك ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بۆشایی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ گه‌ل و خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌یان بۆ دروست ده‌بێت، بۆ گێڕانه‌وه‌ی سۆزی خه‌ڵك بۆ خۆیان و دووباره ڕه‌وایه‌تی و شه‌رعیه‌تدان به‌خۆیان، كار له‌سه‌ر شێوازی جیا جیا ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به جۆرێك له جۆره‌كان ڕای گشتی به‌رانبه‌ریان بگۆڕن و خۆیان وه‌ك پێویستییه‌ك نیشان بده‌ن بۆ ئه‌و دۆخ و سه‌رده‌مه، بۆ ئه‌مه‌یش له زانستی ده‌روونناسی و پێوه‌ندییه جه‌ماوه‌رییه‌كان چه‌ندان ڕێ و شێوازی جۆراوجۆر هه‌یه، به وردی باسیان لێوه ده‌كه‌ین و یه‌كه‌میشیان بریتییه له دروستكردنی دۆخێك بۆ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ و گه‌وره‌كردنی هه‌ڕه‌شه‌ی بچووك بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به جۆرێك كه خه‌ڵك دووباره بیر بكه‌نه‌وه و ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مه سیاسییه‌كان به گونجاوترین و باشترین بزانن بۆ ئه‌وه‌ی له‌و دۆخه ڕزگاریان بكات.
ئه‌و شێوازه به درێژایی مێژوو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدار و فه‌رمانڕه‌وا جیا جیاكان به‌كارهێنراوه، كاتێك له ناوخۆ تووڕه‌یی و به‌رهه‌ڵستییه‌كان گه‌یشتوون به لووتكه، ناچاربوون ترسی هه‌ڵایسانی جه‌نگ و له ده‌ستدانی هه‌موو شتێك له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌كه‌وه به‌كاربهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناچار بن به مانه‌وه‌ی ئه‌وان ڕازی ببن، تا له جه‌نگ و ماڵوێرانییه‌كان بیانپارێزن، زۆرجار تووڕه‌یی خه‌ڵكیش له‌و چركه ساته به ته‌واوی پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه و خه‌ڵكی له شوێنی دژایه‌تی ده‌سه‌ڵات بوونه‌ته سه‌رسه‌ختترین پشتیوانی له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی كه به ناوی دوژمنه‌وه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌ر خودی وڵاته‌كه دروست ده‌كرێ و داده‌تاشرێت.
جیا له‌و گۆڕینی ڕای گشتی و به‌لاڕێدابردنیان، ئه‌و دۆخی ئاماده‌كارییه بۆ جه‌نگ و پشێوییه‌ی له‌و ساته دروست ده‌بێت، ده‌بێته ده‌رفه‌تێكی زۆر گه‌وره و له‌بار بۆ ده‌سه‌ڵاتداران تا نه‌یار و به‌رهه‌ڵستكاره سه‌رسه‌خته‌كانی خۆیان له‌ناو ببه‌ن و كۆتایی‌یان پێ بهێنن و كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه كه كاریگه‌ری ته‌واویان له‌سه‌ر ڕای گشتی هه‌یه، یان بۆ ڕیزی لایه‌نی ده‌سه‌ڵات كێش ده‌كرێن، یان له‌ناوده‌برێن، به‌مشێوه‌یه جه‌ماوه‌ر وه‌ك ڕانه‌مه‌ڕێكی بێ شوان ده‌مێنێته‌وه و هیچ بژاره‌یه‌كی تریان نامێنێت، جیا له گوێگرتن و كڕنووش بردن بۆ ده‌سه‌ڵات.
زۆر نموونه هه‌ن له مێژوو كه ده‌سه‌ڵاتداران به ترسی هه‌ڵایسانی جه‌نگ ناڕه‌زایه‌تی ناوخۆیان كپ كردووه و به‌رهه‌ڵستكارانیان له‌ناوبردووه
باشترین نموونه‌ی به‌كارهێنانی ئه‌و ستراتیجه بۆ گۆڕینی ڕای گشتی و جوانكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی ده‌سه‌ڵات له هزری خه‌ڵكی، له 31 ئاب/ئۆگه‌ستی 1939 ڕووی دا، كاتێك هێزه تایبه‌ته‌كانی ئه‌ڵمانیا به جلی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی هێرشیان كرده سه‌ر ئێزگه‌ی فه‌رمی ڕادیۆی ئه‌ڵمانیا له ناوچه‌ی جیلفیتش و به‌یاننامه‌یه‌كی پڕ له هه‌ڕه‌شه‌یان له ڕادیۆكه دژ به ئه‌ڵمانه‌كان بڵاوكرده‌وه، به‌مشێوه‌یه خه‌ڵكی ئه‌ڵمانیا له شوێنی دژایه‌تیكردنی ده‌سه‌ڵاتی نازییه‌كان، هه‌موو ڕق و تووڕه‌ییه‌كانیان به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی نازی بۆ ڕق و تووڕه‌یی له پۆڵه‌ندییه‌كان گۆڕا و داوای هێرشكردنه سه‌ر پۆلهندایان ده‌كرد و ڕۆژی دواتر ئه‌ڵمانیا هێرشی كرده سه‌ر ئه‌ڵمانیا، به‌مشێوه‌یه خه‌ڵك بوونه‌ته گه‌وره‌ترین پشتیوانی ده‌سه‌ڵاتی هیتله‌ر، به‌ڵام دواجار ئه‌م ستراتیجه كه وه‌ك تاكتیكێك به‌كارهات، بووه هۆی مه‌رگی ڕژێمه‌كه‌ی هیتله‌ر، چونكه سه‌ره‌نجام جه‌نگی دووه‌می جیهانی هه‌ڵگیرسا.
جیا له‌وه‌یش جۆرج ده‌بلیو بۆشی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له‌میانه‌ی هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییه‌كانی بۆ سه‌ر عێراق و ئه‌فغانستان و شه‌ڕی تیرۆر له دوای هێرشه‌كه‌ی 11ی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ری 2001 و ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕ دژی تیرۆریستان، چه‌ندان جار له گوتاره‌كانی دووپاتی كرده‌وه، كه ئه‌وه هه‌ڵمه‌تی خاچپهرستهكانه دژ به تیرۆر و پێویستی به‌كاتی زۆر و پشتیوانی هه‌موو وڵاتانی كریستیانه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتن به ده‌ست بهێنین، ئه‌مه‌یش وایكرد ڕێژه‌ی پشتیوانی جه‌ماوه‌ر له سیاسه‌ته‌كانی جۆرج بۆش بۆ 90% به‌رز ببێته‌وه، كه ئه‌مه‌یش حاڵه‌تێكی ئه‌سته‌م بوو له نێو ڕای گشتی ئه‌مه‌ریكا بۆ پشتیوانی هه‌ر سه‌رۆكێك دروست ببێت.
هاوكات بیل كلینتنی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئابڕووچوونه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مونیكا لیڤنسكی پشتیوانی جه‌ماوه‌ری له ئه‌مه‌ریكا له سفر نزیكبووه‌وه و ئه‌نجوومه‌نی پیران چه‌ندان دانیشتنی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی له سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا ساز كرد، به‌ڵام دواجار له 16 تا 19ی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 1998 دوای ئه‌وه‌ی فه‌رمانی ده‌ركرد به بۆردمانكردنی كۆگاكانی چه‌ك و هه‌واڵگری عێراق و هێزه‌كانی ئه‌و وڵاته، ڕای گشتی ئه‌مه‌ریكای به ته‌واوی گۆڕی و وایكرد كه متمانه‌ی لێ وهرهگیرێتهوه.
هه‌رچه‌نده ئه‌مه سیاسه‌تی له‌خشته‌بردنی جه‌ماوه‌ره، به‌ڵام هه‌ندێجار له ده‌ست ده‌رچووه و سه‌ره‌نجام شه‌ڕ دروست بووه و سیسته‌می سیاسی به ته‌واوی وێران بووه
هه‌ندێجار گرتنه‌به‌ری ئه‌و ستراتیجه بۆ به‌لاڕێدابردنی
ڕای گشتی به ته‌واوی كاره‌سات دروست ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له 1982 له ئه‌رژه‌نتین ڕووی دا، كاتێك جه‌نگی فۆكلاندیان ڕاگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی وڵات له كێشه ناوخۆییه‌كان و داڕمانی ئابووری دوور بخه‌نه‌وه و سه‌رنجی خه‌ڵك بۆ پاراستن و به‌رگریكردن له نیشتمان ڕابكێشن، به‌ڵام دواجار شه‌ڕه‌كه‌یان دۆڕاند و سیسته‌می سیاسی وڵاته‌كه به ته‌واوی هه‌ره‌سی هێنا و له ڕیشه‌وه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هێنرا.