پشکنینی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد

:: PM:12:28:28/01/2020 ‌
بۆ رێگری لە هاتنەناوەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستی لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی ئامێری پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای داناوە و پشکنین بۆ ئەو گەشتیارانە دەکات کە دێنە ناو کوردستانەوە.
پشکنین بۆ سەرجەم ئەو گەشتیارانە دەکرێت کە دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە

ئەمڕۆ سێشەم 28ی کانوونی دووەم،  تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئامێرێکی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو فڕۆکەخانەی سلێمانی دانراوە و هەر گەشتیارێک لە ڕێی فڕۆکەخانەوە دێتە ناو کوردستانەوە، پشکنینی بۆ دەکرێت.

زیاتر روونی دەکاتەوە،  پشکنینەکە لە لایەن دەستەیەک پزیشکی تایبەتەوە دەکرێت و دوای جێگیرکردنی ئامێر و ئامادەکارییەکان، لەمڕۆوە پشکنین بۆ گەشتیاران دەستی پێ کردووە.

محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ "وشە" ئاشکرای دەکات، ئامێری پشکنینی نیشانەکانی کۆرۆنا کە زیاتر بەهۆی پلەی گەرمی لەش دەناسرێتەوە و دەستنیشان دەکرێت، لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ ئەو گەشتیارانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون یان گومانی تووشبوونیان لەسەرە دانراوە.

دووپاتی دەکاتەوە، پێویستە هەموو ئەو گەشتیارانەی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دێنە کوردستانەوە ئەو پشکنینەیان بۆ بکرێت، ڕێنماییش بۆ هەموو خاڵە سنوورییەکان دانراوە و لە ئەمڕۆوە لە تەواوی ئەو شوێنانەی کە گەشتیاریان لێ دێتە ناو هەرێم جێبەجێ دەکرێت.

وەزارەتی تەندروستی ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد هەرێمی کوردستان بە دوورە لەو نەخۆشییە و ڕێنمایی دایە هاووڵاتییان کە خۆیان بپارێزن و کەسانی ئاسایی نزیک ئەو کەسانە نەکەونەوە کە مەترسی نەخۆشییەکەیان لەسەرە یان تووشی ئەنفلەوەنزا بوون.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - هیدایه‌ت جان