ئەمەریکا: ئێران و رووسیا و ئەسەد رێگری لە جێبەجێکردنی ئاگربەست دەکەن

:: PM:12:34:28/01/2020 ‌
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رای دەگەیەنیت، رووسیا، ئێران، حزبوڵا و رژێمی ئەسەد رێگرن لە جێبەجێکردنی ئاگربەست لە باکووری سووریا کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بڕیاری لەسەر دراوە.
بەرنامەیەکی ئابووری و دیپلۆماسی بۆ سزادانی ئەسەد و ئەوانەی پشتیوانی دەکەن ئامادە کراوە

ئەمڕۆ سێشەم 28ی کانوونی دووەم، ماڵپەڕی "دەنگی ئەمەریکا" لە زاری مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رای گەیاند، نانەوەی پشێوی رووسیا و رژێمەکانی ئەسەد و ئێران و حزبوڵای لبنان راستەوخۆ بوونەتە هۆی جێگیرنەبوونی ئەو ئاگربەستەی لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بڕیاری لەسەر دراوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێ، وڵاتە یەکگرتووەکان نیگەرانە لەو دۆخەی لە باکووری رۆژئاوای سووریا هاتووەتە پێش، هێزەکانی ئەسەد و ئێران و رووسیا و حزبوڵا لەو ناوچانە هێرشیان بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی لە ئیدلب و رۆژئاوای حەلەب دەست پێ کردووە.

"ئەو هێزانە بۆردمانی ئاسمانی و هێرشی زەوینییان بۆسەر ئەو ناوچانە چڕ کردووەتەوە و هەزاران هاووڵاتی مەدەنییان لە نەعمان گەمارۆ داوە، هیچ رێگەیەکیشان بۆ دەربازبوون نەهێشتووەتەوە، لە بەشێکی تری ئەو ناوچانە دەیان هەزار هاووڵاتی ماڵ و ژیانیان جێهێشتووە و رایان کردووە" پۆمپیۆ وای گوت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێ، واشنتن بە توندی ئەو هێرشە بێ پاساوانە بۆسەر هاووڵاتیانی مەدەنی شەرمەزار دەکات و داوای ئاگربەستی خێرا لە باکوری رۆژئاوای سووریا دەکەین و دەبێ رێکخراوە جیهانییەکانی بواری مافی مرۆڤ بۆ هاوکاریکردنی خەڵکەکە، رەوانەی ئەو ناوچانە بکرێن.

پۆمپیۆ دووپات لەوەیش دەکاتەوە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پلانێکی دیپلۆماسی و ئابووری وردی  لە دژی رژێمی و هەر کەس و وڵاتێک ئەسەد ئامادە کردووە کە یارمەتی کردارە نامرۆییەکانی ئەو رژێمە دەدات.



وشە - هیدایه‌ت جان