ئێران بڕیار لە پابەندنەبوونی بە "سنوردارکردنی چەکی ئەتۆم" دەدات

:: PM:02:14:28/01/2020 ‌
پەرلەمانی ئێران بڕیاری پاشگەزبوونەوەی لە رێککەوتنی سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی دەخاتە دەنگدانەوە و بەپێی بڕیارەکە، چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بە مەبەستی سەربازی دەست پێ دەکاتەوە.
دوای پەسندکردنی بڕیارەکە ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی بە مەبەستی سەربازی دەست پێ دەکاتەوە

ئەمڕۆ سێشەم 28ی کانوونی دووەم، ئاژانسی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران "ئیرنا" لە زاری عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، پەرلەمان پڕۆژەیاسای دەرچوون لە رێککەوتنی "سنووردارکردنی چەکی ئەتۆم"ی خستووەتە بەرنامەی کاری خۆی و بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمرۆیدا بیخاتە بەر باس.
 
زیاتر روونی دەکاتەوە، پێشتر لیژنە تایبەتەکانی پەرلەمان ئەو پڕۆژەیاسایەیان چەندان جار خستووەتە بەر باس، ئەم جارەیان لە ڕێگەی پەرلەمانتارێکەوە دراوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

هەرچەند دوو رۆژ لەمەوبەر محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی رژێمی ئیران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شپیگڵی ئەڵمانی ئەوەی رەت کردبۆوە کە ئێران دەست بۆ چالاکی ئەتۆمی بە مەبەستی سەربازی ببات و رای گەیاندبوو، هەرگیز ئێران پڕۆژەی پاشگەزبوونەوە لە رێککەوتنی نێودەوڵەتی "سنوردارکردنی چەکی ئەتۆمی" ناورووژێنێت.

رێککەوتن لەبارەی سنووردارکردنی چەکی ئەتۆم لە جیهان لە نەتەوەیەکگرتووەکان، سەردەمی شەڕی سارد لە کانوونی دووەمی ساڵی 1967 لە نێوان 188 وڵاتی دنیا واژوو کرا، ئەو رێککەوتنە کە بە NPT ناسراوە، بەسەر دوو توێژی وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆم و ئەو وڵاتانەی چەکی ئەتۆمیان نییە دابەش بوو.

ئەو وڵاتانەی تا بەر لەو رێککەوتنە چەکی ئەتۆمیان دروست کردووە، واتا چین، فڕەنسا، رووسیا، بەریتانیا و ئەمەریکا "ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی" بە فەرمی دانیان پێدا نرا کە خاوەن چەکی ئەتۆمن.

188 وڵاتی جیهان جگە لە هندستان، پاکستان و ئیسڕائیل ئەو رێککەوتنەیان واژوو کردووە، کۆریای باکووریش لە دوای ئەوەی ئاشکرا بوو چەکی ئەتۆمی دروست کردووە، دابڕانی وڵاتەکەی لەو رێککەوتنە راگەیاند.

بەپێی ئەو رێککەوتنە، وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆم بۆیان نییە بە شێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هاوکاری ئەو وڵاتانە بکەن کە نیازی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیان هەیە، ئەوان تەنیا بۆیان هەیە تەکنەلۆژیای ئەتۆمی بە مەبەستی ناسەربازی بدەنە وڵاتان، واتا ئەو وڵاتانەی بۆ دروستکردنی وزە سوود لە پیتاندنی دەهێنن، پێنج وڵاتەکە بۆیان هەیە تەکنەلۆژیای ئەو بوارەیان پی بفرۆشن.


وشە - هیدایه‌ت جان