راپەڕین لە مووسڵ دژی داعش دەست پێ دەكات

:: PM:04:11:17/10/2016 ‌

سەرچاوەكان لە ناوەخۆی مووسڵ ئاماژە بۆ دەست پێكردنی راپەڕین لە دژی داعش لە چەند ناوچەیەكی مووسڵ و دەوروبەری دەكەن، هاوكات داعش بۆ پڕكردنەوەی كەمیی چەكدارەكانی پشت بە منداڵان دەبەستێ و بەغدادیش لە بۆردمانێكی ئاسمانی رزگاری دەبێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا ئێستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی هەشت گوند لە داعش پاك بكاتەوە و لە پێشڕەویكردن بەردەوامە، ئێستە ئەوان لە دووریی تەنیا 12 كیلۆمەترن لە سەنتەری مووسڵ.

وەك چاوەڕوان دەكرا و بەرپرسانی مووسڵ دووپاتیان كردەوە كە گرووپە بەرگریكارەكانی شارەكە چاوەڕوانی جووڵەی هێزە بەشدارەكانن لە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ، سەرچاوەیەك لە ناوەخۆی شاری مووسڵ رای گەیاند كە لە چەند شوێنێكی شارەكە راپەڕین لەدژی داعش دەستی پێ كردووە و ئاڵای عێراق لەسەر چەند ناوچەیەكی مووسڵ هەڵكراوە.

لای خۆیەوە جەبار مەعمووری سەركردە لە حەشدی شەعبی ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند كە خەڵكی هەردوو گوندی لەزكە و حوود لە باشووری مووسڵ، لە دژی داعش راپەڕیون و شەش چەكداری داعشیان كوشتووە. 

ئەو فەرماندەی حەشدی شەعبی دووپاتی لە پێویستی پاڵپشتیكردنی بەپەلەی ئەو راپەڕینانە لە دژی داعش بكرێت، چونكە داعش خراپتر لە پێشوو هەوڵی تۆڵەسەندنەوە لەو كەسانە دەدات كە لە دژی رادەپەڕن.

لەلایەكی تر وەك هەوڵێكی داعش بۆ قەرەبووكردنەوەی كەمی چەكدارانی لەناو شەقام كۆڵانەكانی مووسڵ كە ئەوانی بۆ بەرەكانی جەنگ رەوانە كردووە، سەتان منداڵی بەچەكەوە لە شەقامەكانی مووسڵ بڵاو كردووەتەوە.

بەپێی سەرچاوەكان، لەناو مووسڵ داعش 800 منداڵی لە نێوان تەمەنەكانی 10-17 ساڵی بە چەكەوە لە مووسڵ بڵاو كردووەتەوە كە بە"ئەشبالی خیلافەت" ناویان دەبات، كە پێشتریش ئەو میكانیزمەی جەنگی لە رومادی و فەلووجە پێڕەو كردبوو. 

بەپێی سەرچاوەیەك لە ناو شاری مووسڵ ژمارەیەك چەكداری داعش لە ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی داعش هەڵگەڕاونەتەوە و ئەوان لە رێگەی بڵندگۆی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانەوە هاواریان كردووە كە دەسەڵاتی بەغدادی كۆتای هاتووە و خۆی بەرەو رەقە لە سووریا هەڵاتووە و خێزانەكەشی گیراوە.

هاوكات سەرچاوەیەكی تر رای گەیاند كە ئەبوبەكر بەغدادی لە بۆردمانێكی ئاسمانی هاوپەیمانان بۆ كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ فەرماندەكانی داعش لە ناوچەی غابات لە مووسڵ رزگاری بووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد، كردەوەگەلەكە لە زیاتر لە قۆڵێكەوە دەستی پێ كرد و هێزی پێشمەرگە توانییان هەشت گوند ئازاد بكەنەوە. 

سەرچاوە: مەوازین نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل