پەرلەمانتارێك: رووسیا بە فرۆشتنی سیستەمی ئێس- 400 بۆ عێراق رازی بووە

:: PM:04:10:28/01/2020 ‌

ئەگەرچی چاودێران بۆ دۆخی عێراق پێیان وایە تەنیا گوشارێكە بۆ سەر ئەمەریكا، ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە رووسیا لەسەر فرۆشتنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی مووشەكی ئێس- 400ی رووسی بە عێراق رازی بووە.
میلیشیا شیعەكان دەیانەوێ گوشاری ئەمەریكا بۆسەریان كەم بكەنەوە
كەریم علێوی، پەرلەمانتاری شیعە ئەمڕۆ یەكشەم گوتی، دوای ئەو نائومێدییەی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە تووشمان هات، بەتایبەتی لەلایەن ئەمەریكا بە پێدانی سیستەمی پێشكەوتووی بەرگری ئاسمانی بە عێراق كە لە 2003ەوە هیچمان لێیان نەبینی تەنیا چەند فڕۆكەیەكی سەربازی نەبێت، بۆیە حكوومەت و لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان دركیان بە ناڕاستی بانگەشەكانی ئەمەریكا لەو بارەوە كرد.

زیاتر گوتی، بۆیە بڕیارمان دا روو لە رووسیا بكەین بۆ دەستكەوتنی چەكی پێشكەوتوو، تایبەت بە بەرگریی ئاسمانی و لەوانەیش سیستەمی پێشكەوتووی (ئێس- 400)، بۆیە رووسیا لە میانی سەردانی دوایی فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بۆ مۆسكۆ، رەزامەندی خۆی بۆ فرۆشتنی ئەو چەكە بە عێراق پێشان داوە و فەیاز ئەوەی لە مێوانداریكردنێكی لیژنەكەمان دووپات كردووەتەوە.

لە دوای 2003ەوە چەكەكانی عێراق زۆرینەی ئەمەریكین و راهێنان و چاككرنەوەیان لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە ئەنجام دەدرێت، هاوكات ئەمەریكا بەتەواوەتی ئاسمانی عێراق بەدەستە و ئەو بڕیار لەسەر فڕینی فڕۆكەكان دەدات.

ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەمساڵ فڕۆكەی نەناسراو و بێفڕۆكەوان چەندان گورزیان لە حەشدی شەعبی وەشاند كە دواترینیان كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی بوون، هەموو ئەوانە وایان كردووە كە سەرانی میلیشیاكان و حزبەكانی سەر بە ئێران لەخۆیان دڵنیا نەبن و بۆ ئەوەیش دەیانەوێ لە رێگەی باسكردنی پرسی كڕینی چەك لە رووسیا، گوشار بخەنە سەر ئەمەریكا.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل