فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە ئێران کەوتە خوارەوە

:: PM:04:13:28/01/2020 ‌
فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە پارێزگای ئەهوازی ئێران کەوتە خوارەوە و میدیاکانی ئێرانیش دەڵێن، فڕۆکەکە لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئێرانەوە بۆ چاودێریی ناوچەکە رەوانە کراوە.
فڕۆکەکە لە جۆری شاهید 129ی سوپای پاسدارانە

ئەمڕۆ سێشەم 28ی کانوونی دووەم، رۆژنامەی "هەمشەهری"ـی‌ ئێران بڵاوی کردووەتەوە، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە گوندی "بەیت سوختە"ـی شارۆکەی مەلا سانی سەر بە پارێزگای ئەهواز کەوتووەتە خوارەوە.

ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی داوە، لیکۆڵینەوە لە رووداوەکە و ناسنامەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە دەستی پی کردووە و هاوکات گرتە ڤیدیۆیەکیشی بڵاو کردووەتەوە کە فڕۆکەکە دوای کەوتنەخوارەوەی تیایدا دەرکەوتووە.

ئەو رۆژنامە ئێرانییە ئاماژەی بەوەیش داوە، پێ دەچێت ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە لە جۆری "شاهید 129"ی  هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بێت و بۆ چاودێریی ناوچەکە رەوانەی ئەهواز کرابێت.

ماڵپەڕی "تەسنیم"ـی سەر بە سوپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە، فڕۆکەکە لە چۆڵەوانی کەوتووەتە خوارەوە، بۆیە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.

ساڵی 2016 فەرماندەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تاران نمایشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی "شاهید 129"ی راگەیاند و گوتی، لەمەودوا ئەو فڕۆکەیە دەخرێتە خزمەت هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانەوە.


وشە - هیدایه‌ت جان