بەهۆی فەرامۆشكردنی داواكارییەكانیان لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە، لە هەینی رابردووەوە دوای پاشەكشەی لایەنگرانی سەدر لە گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان، بەهۆی هەڵمەتەكانی هێزە تەناهییەكان بۆ سەر گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان رووبەڕووبوونەوە و كەوتنەوەی قوربانی زیادی كردووە.
حكوومەت و هێزە سیاسییەكان لە پەرەسەندنی زیاتری خۆپێشاندانەكان دەترسن
لە پارێزگای واست ئاستی توندوتیژی و رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران زیادی كرد و بەپێی سەرچاوەكان لەو پارێزگایە هێزە تەناهییەكان تەقەیان لە خۆپێشاندەران كردووە و یەكێكیان كوشتووە و ژمارەیەكیشیان بریندار كردووە یان گرتووە، لە كەربەلاش چەكداران بە ئۆتۆمبێلی بەرزەوە تەقەیان لە خێوەتی خۆپێشاندەران كرد.
لەوكاتەی لە پارێزگای زیقاڕ و بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی ژمارەیەكی زۆری خۆپێشاندەران روویان لە گۆڕەپانی حبووبی لە ناوەڕاستی شاری ناسڕییە كردووە بۆ پاڵپشتیكردنی مانگرتووان و بەیانی ئەمڕۆیش لە باكوری بەغدا چەكدارانی دەمامكدار تەقەیان لە دكتۆر محەمەد حوسێن عەلوان مامۆستا لە زانكۆی موستەنسڕییە لەبەردەم ماڵەكەی لە ناوچەی بنووك كرد و كوشتیان.
هەر لە بەغدا و لەناوچەی دۆرە، چەكدارانی نەناسراو عەمیدێكی خانەنشینیان كوشتووە، لەوكاتەی وەك كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق رای گەیاندووە كە ژمارەی هەوڵەكانی كوشتن لە سەرەتای ئەم مانگەوە گەیشتووەتە 33 حاڵەت كە لەو هەوڵانەدا 14 چالاك كوژراون و 19ی تریان بریندار بوونە.